دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازی لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین دەکات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازیی لە ئاوارە گەڕاوەکانی عەفرین دەکات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازیی لە ئاوارە گەڕاوەکانی عەفرین دەکات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، پێشوازیی لە گەڕانەوەی زیاتر لە 200 خێزانی ئاوارەی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە کرد، کە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە تل ڕەفعەت و ناوچەی شەهبا کرد ئاوارە بوون.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی شەوی ڕابردوو پێشوازیی لە گەڕانەوەی زیاتر لە 200 خێزان بۆ عەفرین کرد، کە پێشتر لە ئەنجامی داگیرکرانی عەفرینەوە ئاوارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون لە سنووری پارێزگای حەلەب.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە "لەگەڵ ڕوودانی شەڕ و پێكدادان و ئاڵۆزی لە سووریا، هەزاران خێزان ئاوارە و دەربەدەر بوون و ڕوویان لە ناوچە ئارامەكان كردووە."

هەروا ئاماژەی داوە "ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 2/12/2024 نزیكە 200 خێزان گەڕانەوە شاری عەفرین و تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوچەی كەفەرجنە پێشوازیی لێیان كرد و خزمەتگوزاریی پزیشكی و پێداویستیی سەرەتایی و خۆراكی گەرمیان پێشكەش كرا."

ئەو 200 خێزانەی گەڕاونەتەوە عەفرین، لە ساڵی 2018ـەوە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و داگیرکردنی عەفرین ئاوارەی ناوچەی شەهبا و تەل ڕەفعەت بوون، کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا بوون و لە پێنج کەمپ و گوندەکانی دەڤەری شەهبا نیشتەجێکرا بوون، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی هێرشی چەکدارانی تەحریرولشام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر پارێزگای حەلەب، کە ناوەندی شاری حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەریان کۆنترۆڵ کرد، بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی کورد لە سنووری حەلەب ئاوارە بوون.