دیندار زێباری: کابینەی نۆیەم ڕووبەڕووی گەندەڵی بووەتەوە و چاکسازیشی کردووە

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم هەنگاوی بەرچاوی بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاونیشتیمانیان ناوە، ڕووبەڕووی گەندەڵی بووەتەوە و چاکسازییشی کردووە.

سێشەممە، 03-12-2024، لە (76)ـەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەتی ساز کرد. 

د. دیندار زێباری لە گوتاری کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند: "جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتییە بۆ پێناسەی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و بنەمایەکە بۆ ماف و ئازادییەکان کە مرۆڤایەتی بە گشتی لێیان سوودمەند دەبێت."

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گوتەی زێباری "بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، هەنگاوی بەرچاوی ناوە بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاونیشتیمانیان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە درێژخایەنەکان، دڵنیابوون لەوەی کە مافی هەمووان پارێزراو دەبێت، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و  چاکسازیکردن."

وەکوو ئەوەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی کرد "کابینەی نۆیەم لەگەڵ دەستبەکاربوونی، دروشمی چاکسازی بەرزکردەوە بە دەرچوونی یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 بۆ چارەکردنی مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازات و خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، هەروەها دابەشکردنی دادپەروەرانە لە سامانی گشتی. "

ناوبراو ڕوونی کردەوە "لە ساڵی 2023دا ، (140) دۆسیەی گەندەڵی تۆمارکراون و لە نێوانیاندا (48) دۆسیە یەکلایی کراونەتەوە و (31) گەڕێنراونەتەوە دادگا، کۆی گشتی سزادراوان لە ساڵی 2023 لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان (89) سزادراون لە پلە و پۆستی جیاجیا، لە ساڵانی 2022 و 2023 نزیکەی (275) ملیۆن دۆلار خەرجیی ناپێویست کەمکراوەتەوە لە رێگەی دانانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە رۆژی 13/3/2024 یەکەم ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی (ستراتیژی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان) ئامادەکرا و لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە."

سەبارەت بە نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، زێباری گوتی: "(18620) کەیس تا سەرەتای ئەم ساڵ لەلایەن داواکاری گشتی تۆمارکراوە لەوانە (10897) کەیس یەکلاکراوە، هەروەها (313) کەیسی بەشوودانی پێشوەختە و (8) کەیسی پەیوەست بە جیاکاری ڕەگەزی لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە و رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر، (5) پەناگە بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو هەیە، لە ئێستادا (91) ئافرەتی تێدا نیشتەجێیە، لەوانە (21) بیانین. حکوومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆر بە پرسی بەشداری ئافرەت لە دەسەڵات دەدات بەتایبەتی لە دەسەڵاتی دادوەری لەم رووەوە لە کۆی (270) داوەر (69)یان ئافرەتن، و لە کۆی (205) داواکاری گشتی (58)یان ئافرەتن جگە لە  (189) لێکۆڵەری دادی."

 

دەقی گوتاری د. دیندار زێباری:

ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتی هەرێم  جەنابی مەسرور بارزانی 

بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، جێگری سەرۆکی پەرلەمان (خولی پێنجەم)، وەزیرە بەڕێزەکان، بریکاری وەزارەتی داد و نوێنەری وەزارەتی دەرەوە لە حکوومەتی ئیتحادی، پارێزگارەکان، ئەندامانی پەرلەمان، پارتە سیاسییەکان، دەستە سەربەخۆکان، دیپلۆماتکاران، نوێنەرانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، سەندیکاکان 

ئەم کاتەتان باش بەخێر بێن..

خۆشحاڵین ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە بۆ یادکردنەوەی (76)مین ساڵیادی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، کە یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتییە بۆ پێناسەکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و بنەمایەکە بۆ ماف و ئازادییەکان کە مرۆڤایەتی بە گشتی لێیان سوودمەند دەبێت. لەم کۆنفرانسەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو پێشکەوتنە بەرچاوانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەو مافانە بەدەستي هێناوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دیدگای ئێمەیە بۆ کۆمەڵگایەکی دادپەروەر کە هەموو تاکەکان بێجیاوازای نەتەوە، ئاین، مەزهەب بە یەکسانی دەپارێزرێن.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، هەنگاوی بەرچاوی ناوە بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاونیشتیمانیان، ڕووبەرووبوونەوەی ئاستەنگە درێژخایەنەکان، دڵنیابوون لەوەی کە مافی هەمووان پارێزراو دەبێت، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیکردن. 

رۆژی 15ی ئەیلولی 2021 سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) پەسەند کرد ئەمەش ئاماژەی بایەخدان بوو بەم مەلەفە و جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتیانەی کە ئاراستەی هەرێم کراون لە چوارچێوەی کۆماری عێراق بەمەبەستی گونجاندنی یاسا بەرکارەکان لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم. ئەم پلانە، بە وردی داڕێژراوە و ڕا و بۆچوونی دەسەڵاتەکانی دادوەری، سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی)، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراو و ئاژانسە ناحکومەتییەکان و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێم و لیژنەی نیشتمانی نووسینی ڕاپۆرتی ئەو ڕێککەوتننامانەی عێراق پەسەندی کردوون لە حکوومەتی ئیتحادی وەرگیراوە، لێرەوە جێی خۆیەتی سوپاسیان بکەین.

جێی خۆشحاڵییە بەشێکی زۆری ئەو ڕاسپاردانەی لەو پلانەدا هاتوون لە ساڵانی ڕابردوودا جێبەجێ کراون، وەک یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوی کرداری لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، یاسای پاراستنی مافەکانی منداڵان و یاسای ڕۆژنامەگەریی و چەندین یاسای دیکە.

 بەپێی هەنگاوەکانی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لە ئایاری 2024 ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەتەوە بۆ (171) و ڕاسپاردە جێبەجێنەکراون کەم بوونەوە بۆ (127)، ئەو ڕاسپاردانەی لە قۆناغی جێبەجێکردنیشدان بوونە (102). رێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانیش بەم شێوەیە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، راسپاردە جێبەجێکراوەکان (42.8%)، ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان (25.5%) بەمەش پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.

کابینەی نۆیەم لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا دروشمی چاکسازی بەرز کردەوە بە دەرچوونی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 بۆ چارەکردنی مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازات و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دابەشکردنی دادپەروەرانە لە سامانی گشتی. 

لە ساڵی 2023دا ، (140) دۆسیەی گەندەڵی تۆمارکراون و لە نێوانیاندا (48) دۆسیە یەکلا کراونەتەوە و (31) گەڕێنراونەتەوە دادگا، کۆی گشتی سزادراوان لە ساڵی 2023 لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان (89) سزادراون لە پلە و پۆستی جیاجیا، لە ساڵانی 2022 و 2023 نزیکەی (275) ملیۆن دۆلار خەرجیی ناپێویست کەمکراوەتەوە لە رێگەی دانانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە رۆژی 13/3/2024 یەکەم ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی (ستراتیژیی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان) ئامادەکرا و لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان کە پرسێکی گرنگی مافەکانی مرۆڤە، رۆژی  01-03-2024،  لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیارە یاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خەراپ کرا. لە ساڵی 2023دا (32) کەیس ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون و (5) دۆسیە سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراوە، هەروەها (31) کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی توندوتیژی سزا دراون. 

 لە میانەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ نەهێشتنی بازرگانیی بە مرۆڤ لە هەرێم (8) نووسینگە و پەناگەیەکی تایبەت بە قوربانیانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ کراوەتەوە و لە ساڵی 2023دا (٢٩٤)حاڵەت تۆمار کراون، تیمە تایبەتەکان سەردانی (196) کۆمپانیایان کردووە، هەروەها (13) کۆمپانیا ڕەوانەی دادگا کراون، (2500) کەسی بیانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، لەلایەکی دیکەوە (38) کەسی بیانی بە تۆمەتی کۆچ کردنی ناشەرعی دەستگیر کراون.

بەڕێزان...

سەبارەت بە نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی (18620) کەیس تا سەرەتای ئەم ساڵ لەلایەن داواکاری گشتی تۆمار کراوە لەوانە (10897) کەیس یەکلا کراوەتەوە، هەروەها (313) کەیسی بەشوودانی پێشوەختە و (8) کەیسی پەیوەست بە جیاکاری ڕەگەزی لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە و رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر،  (5) شەڵتەر بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو هەیە، لە ئێستادا (91) ئافرەتی تێدا نیشتەجێیە، لەوانە (21) بیانین. حکوومە تی هەرێم گرنگییەکی زۆر بە پرسی بەشداری ئافرەت لە دەسەڵات دەدات بەتایبەتی لە دەسەڵاتی دادوەری لەم ڕووەوە لە کۆی (270) داوەر (69)یان ئافرەتن، و لە کۆی (205) داواکاری گشتی (58)یان ئافرەتن جگە لە  (189) لێکۆڵەری دادی.

یەکێک لە تەحەددییە گەورەکانی بەردەم حکوومەتی هەریم هاتنی لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بوو لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕی، ئێستا هەرێمی کوردستان (1.009.788) ئاوارە و پەنابەری لە خۆگرتووە، (٣٠٪) یان لەناو کەمپەکان دەژین، هەروەها (٧٠٪) لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، لە ئێستادا حکوومە تی هەرێم بەشی هەرەزۆری پێداویستیەکانیان دابین دەکات، هەروەها سیاسەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرانی گرتۆتە بەر.

هەر لەم ڕووەوە حکوومەتی هەرێم بە هاوکاری لەگەڵ (UNHCR) ڕێنمایی رێکخستنی رێکارەکانی پەناخوازی دەرکردووە بە ئامانجی پاراستنی مافی پەنابەران و دیاریکردنی ئەرکەکانیان.

 کەرتی پەروەردە و خوێندن یەکێکە لەو بوارانەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا گرنگییەکی بەرچاوی پێدراوە، لەم ڕووەوە (89) قوتابخانەی نۆی درووست کراون و (1.300) قوتابخانەش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نۆژەن کراونەتەوە، جگە لەمەش لە ڕێگەی پرۆگرامی گەڕانەوە بۆ بەر خوێندن ئەم ساڵ توانراوە(6887) قوتابی بگەرێنەوە بەر خوێندن، لە ساڵانی ڕابردووش (26384) کە کۆی گشتی دەکاتە (33271) قوتابی. 

بۆ مەبەستی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش ودادگایی تیرۆریستان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، توانراوە زیاتر لە (42) هەزار فایل، کە دەکاتە (408.540) لاپەڕە لە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش دۆکیۆمێنت بکرێت بەشێوەی دیجیتاڵی.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی، (یونیتاد) بە دوو قۆناغ بەڵگەنامەکانی ڕادەستی حکوومەتی هەرێم کرد لە قۆناغی یەکەم بڕی (45.95) گیگابایت و لە قۆناغی دووەم بڕی (11.9) گیگابایت بەڵگەنامە و زانیاری کۆدکراو. سەرەڕای ئەمانەش حکوومە تی هەریم بەردەوام بووە لە هەوڵەکانی بۆ رزگار کردنی رفێندراوان، تا ئێستا لە کۆی  (6.417) رفێندراو توانراوە زیاتر لە (3.579) کەسیان رزگار بکرێن. لەلایەکی دیکەوە بە بڕیاری  بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێم هاوکاری دارایی بەسەر زیاتر لە ٣٥٠٠ هاووڵاتیی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش دابەش دەکرێت و پرۆسەکەش بەردەوامە.

ئامادەبووانی بەڕێز..

پاراستنی ژینگە یەکێکی دیکەیە لەو بوارانەی جێی بایەخی کابینەی نۆیەم بووە، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2022-2024 بۆ پاراستنی ژینگە (12) رێنمایی و (1) بڕیار لەلایەن دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەرچووە، لە ساڵی 2023 ڕەزامەندی بە (2851) پڕۆژە دراوە ، هەروەها پلانی ستراتیژی (2022-2030) دانراوە کە تایبەتە بە پاراستنی دارستانەکان. لە ساڵی 2022دا (66) چاودێری ژینگەیی لە کەرتی تایبەت دامەزراون لە ساڵی 2023 دا ژمارەیان گەیشتە (217) کەس. بۆ سزادانی سەرپێچیکاران لەسەر ژینگە (2.714) کەیسی جۆراوجۆر درانە دادگا.

لە کەرتی کار و پاراستنی مافی کرێکاراندا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (34) لیژنەی کارا هەن لیژنەی بازاڕیش بۆ یەکەم جار دامەزراوە. ژماره‌ی پڕۆژه‌ ده‌سته‌به‌ركراوه‌كان له‌ ماوه‌ی (3) ساڵی رابردوو ‌ له‌ (28.000) بوو به‌ (52.000) پرۆژە، لە هەمان کاتدا ژماره‌ی كرێكاری ده‌سته‌به‌ركراو له‌ (84.000) و‌ بووه‌ به‌ زیاتر لە (190.000) كرێكار و نزیکەی (100) هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ ڕەخسێندراوە، هەروەها داهاتی ساڵانه‌ی سندووقی خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری له‌ نزیکەی (42) ملیار دیناره‌وه‌ بووه‌ به‌ زیاتر لە (1) ترلیۆن دینار و ژماره‌ی كرێكاری خانه‌نشین کراو له‌ (726) کرێکارەوە بۆتە (1.000) كرێكار.

بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و سزادانی بازرگانان و دووبارە شیاندنەوەی ئالوودەبووان، کە قوربانی ئەم پەتایەن پرسێكی زۆر گرنگە بە لای حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بۆ ئەم مەبەستە رۆژی 26/11/2024 بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی دانا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی (LDS)ی ئەمەریکییەوە بنیات دەنرێت. دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ترسناكە لە هەڵمەتی دەستگیركردنی بازرگانەکان بەردەوامە، بەپێی ئامارەکان ژمارەی سزادراوان و ڕاگیراوان لە هەرێم بەرزبۆتەوە بۆ (5.249) کەس. هەروەها بابەتی زیانەکانی ماددەی هۆشبەر خراوەتە نێو پرۆگرامەکانی خوێندن، و سەنتەرەکانی راوێژکاری قوتابیان لە زانکۆکان بۆ بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان کاراکراون بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.

پاراستنی مافی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت یەکێکی دیکەیە لەو کارانەی بایەخی زۆری پێ دراوە، لە هەرێمی کوردستان کۆی گشتی ژمارەی کەمئەندام وخاوەن پێداویستیی تایبەتی تۆمارکراو بریتی بووە لە (77.065) کەس، لیستی ناوی (13.120) خاوەن پێداویستیی تایبەتی نوێ، ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کراوە بۆ ئەوەی بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بکرێت. 

لەلایەکی ترەوە ئەنجومەنی دادوەری لیژنەی تایبەتی دامەزراندووە بۆ پاڵپشتیی لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان و پڕۆسەی خۆگونجاندن لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی لە بابەتی خێراکردنی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکان و یەکلاییکردنەوەیان. هەروەها لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لەم دواییەدا دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵی دانراوە کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی راسپاردەکان. 

لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (22) یاسا دەرچوونە، (8) یاسا لە پڕۆسەی جێبەجێکردندان بۆ مەبەستی تەشریعکردن و (14) یاسای تریش بەرکارن کە لە ساڵانی پێشووتر دەرچووە کە پەیوەندیدارن بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان. 

لەژێر ڕۆشنایی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان (10) رێکاری دەرکرد لە بوارە پەیوەندیدارەکان لەوانە نەهێشتنی بازرگانیی  بە مرۆڤ، بەخشینی ئەندامانی جەستە، بەڕێوەبردنی چاکسازییەکان، مافی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت، نەهێشتنی گوتاری ڕق لێبوونەوە، بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ئازادی ڕادەربڕین، نەهێشتنی ئەشکەنجەدان و توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر.

دوای وەرگرتنی تێبینی لە هەر سێ دەسەڵات بە هەماهەنگی لەگەڵ تۆڕی زانیاریمان کە لە (46) نوێنەر لە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم پێک دێت تا کانوونی یەکەمی 2024 توانرا (9) راپۆرت ئامادە بکرێت کە دوایینیان راپۆرتی هەڵسەنگاندنی ڕێژەی ڕاسپاردەکان بوو لەمیانەی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی، جگە لە (50) راپۆرتی تر کە لە ڕێگای حکوومەتی ئیتحادییەوە ئاراستەی وڵاتان، بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی کراون کە بەشێکی ترن لە پابەندبوونەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پرۆسەی داکۆکی کردن.

بەڕێزان..

لە کۆتاییدا دووبارە دەستخۆشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت دەکەین هاوکات ڕێز و پێزانینی خۆمان ئاراستەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و دەستە سەربەخۆکان دەکەم لە هاوکاری و هەماهەنگییان لە جێبەجێکردنی ئەو راسپاردانە.

هەروەها سوپاسی لیژنەی نیشتمانی نووسینی راپۆرتی ئەو ڕێککەوتننامانەی عێراق پەسەندی کردوون لە حکوومەتی ئیتحادی دەکەم و جەخت لەسەر بەردەوام بوونی هەماهەنگیمان دەکەینەوە بۆ جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

دووبارە هەموو لایەکتان بەخێر بێن...