بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ، فێستیڤاڵێکی 10 ڕۆژە لە دهۆک ڕێک دەخرێت

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دهۆک
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دهۆک

بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی، فێستیڤاڵێک بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە شاری دهۆک ڕێک دەخرێت. کۆمپانیا بەشدارەکانیش، بە ڕێژەیەک داشکاندن بۆ کەلوپەلەکانیان دەکەن. 

سێشەممە، 03-12-2024، شوکری جەمیل نووری، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دهۆک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی (2025) بە هاوکاریی ژمارەیەک کۆمپانیا، فێستیڤاڵێکی تایبەت لە گۆڕەپانی تەلەفریکی شاری دهۆک ڕێک دەخەن. 

فێستیڤاڵەکە، بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، واتا لە ڕۆژانی 21-12-2024 تاوەکوو 31-12-2024. وەکوو ئەوەی شوکری جەمیل باسی کرد "ئامانج لە فیستیڤاڵەکە، لێکنزیککردنەوەی هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی پارێزگای دهۆک و نیشاندانی بەرهەمی کۆمپانیاکانە." ڕوونیشی کردەوە "زۆرینەی وڵاتان لە هەموو سەرساڵێکی نوێ ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ هاووڵاتییانیان ڕێک دەخەن و سوودێکی زۆریان هەیە."

بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دهۆک "60 کۆمپانیای جۆراوجۆر بەشداریی فێستیڤاڵەکە دەکەن و بە ڕێژەیەک داشکان بۆ کەلوپەلەکانیان دەکەن." گوتیشی: "ئامانجێکی دیکەمان لەم فێستیڤاڵە، ڕاكێشانی گەشتیارانە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شاری دهۆک."