فراکسیۆنی زەردی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان داوای بەستنی کۆنگرە دەکات

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند "دەبوایە ساڵێک بەر لە ئێستا لە 3-12-2023، هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانمان بکردبایە."

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەبوایە ساڵێک بەر لە ئێستا لە 3-12-2023، هەڵبژاردنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانمان لە 12 لق بکردبایە، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک هۆ، هەڵبژاردن نەکرا."

ئەحمەد گەرمیانی ڕاشیگەیاند، "ئێمە مافی خۆمانە هەموو مانگێک مووچەی خۆمان وەرگرین، بەڵام بایکۆتکردن بەهیچ شێوەیەک نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە نە لەبەرژەوەندیی مامۆستا و فەرمانبەرانە، چونکە ئەمە دەبیتە زیانگەیاندن بەە منداڵەکانمان و ئیش و کارەکانی ڕۆژانەمان، هەروا زیانی ئابووریی لە هەموومان دەدات."

دەربارەی ڕووداوەکانی سووریا گوتی: "ئەوەی لای ئێمە گرنگە، چارەنووسی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، لەگەڵ هاوپیشەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە گفتوگۆداین، چونکە خوێندن لەوێ وەستاوە، بەهۆی شەڕی حەلەبەوە، بۆیە لەو بارەوە هەردوولامان ڕێککەوتووین نامە بنێرین بۆ ڕێکخراوی "نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە" بۆ ئەوەی بەزووترین کات فریای کوردستانییەکانی شاری حەلەب و دەورووبەری بکەون."

لە بەیاننامەکەی فراکسیۆنی زەردی یەکێتی مامۆستایانی کوردستاندا هاتووە "ڕۆژی 3-12-2024، ساڵێک بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕی کە بڕیار بوو لە 3-12-2023، هەڵبژاردنی یەکیتیی مامۆستایانی کوردستان بکرێت، بەم بۆنەیەوە فراکسیۆنی زەردی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە ڕوانگەی هەستکردن بەبەرپرسیارەتی نیشتیمانی و پیشەییانەی خۆی، جەخت لەسەر هەڵبژاردن دەکاتەوە."

ئاماژە بەوەش کراوە "دەبێت بەزووترین کات وادەی نوێی هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دیاری بکرێت و هەموو لایەنەکان پێوە پابەند بن."

لە بەیاننامەیەکەدا باس لەوەش کراوە "دواهەمین کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایان لە ساڵی 2011 کرا، لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا، چەندین جار بڕیار دراوە هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایان بکرێت، بەڵام هەرجارە و بە بیانووێک هەڵبژاردن نەکراوە."

دەشڵێت: "ئێمە لە فراکسیۆنی زەردی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی سەرشانمان، داوا لە سەرجەم لایەنەکان بەشدار لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەین، هەرچی زووە وادەیەک بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردن و کۆنگرە دەستنیشان بکرێت، چونکە هیچ هۆیەک بۆ نەبەستنی کۆنگرە نابینین و هەلومەرجەکە لەبارە بۆ هەڵبژاردن و بەستنی کۆنگرە."

ڕاشیگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێداگیرە لەسەر بەستنی کۆنگرە، هاوکات خواستی زۆرینەی مامۆستایانیشە." ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە وەکوو فراکسیۆنی زەرد، سەرەڕای ئەوەی پۆستی سەرۆکی یەکێتییەکە و چەندین پۆستی دیکەی ئەو یەکێتییەمان لایە، لەهەمووان ڕژدترین بۆ بەستنی کۆنگرە."