سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ڕووسیا سەبارەت مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر گفتوگۆیان کرد
رۆژی سێشەممە، 03-12-2024،لە سەڵاحەدین، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد.
مەکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتی ڕووسیاش لە هەولێر ئامادەی دیدارەکە بوو، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە: "باڵیۆزی ڕووسیا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و ئاماژەی بەوەدا بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵک، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان."
بارەگای بارزانی دەڵێت: "لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا باس لە هەنگاوەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق و پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەری تری ئەو دیدارە بوون."