ئاسایشی هەولێر: گرتەڤیدیۆی کوشتنەکەی شاری هەولێر، سیناریۆ بوو

شەوی ڕابردوو، 02-12-2024، گرتە ڤیدیۆی کوژرانی هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە، بەڵام ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆیە "سیناریۆ بوو" و لەلایەن چەند قوتابییەکەوە دروست کراوە. 

یەکێک لەو قوتابییانەی بەشداریی سیناریۆکەی کردبوو، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پێنج قوتابی بووین و سیناریۆکەمان بۆ پەیمانگەی پۆلی تەکنیکی هەولێر دروست کرد تاوەکوو پیشانی قوتابییانی بدەین، چونکە پێویستیمان پێی بوو."

ئەو قوتابییە باسی لەوەش کرد "ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا بەردەبێتەوە و دەکوژرێت منم و هەموو ئەو کەلوپەلانەی بەکارمان هێناون، پلاستیکین و ڕاستی نین. ڤیدیۆکەمان مۆنتاج کردووە، بەڵام بەداخەوە بەشێکی پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ بەدواداچوون، ڤیدیۆکەیان بڵاو کردووەتەوە و شتی ناڕاستیان لەبارەوە باس کردووە."

ڕوونیشی کردەوە "شاری هەولێر ئارامە و ئامانجمان لە ڤیدیۆکە ئەوە بوو، هانی هاووڵاتییان بدەین لە کاتی ڕوودانی حاڵەتێکی نەخوازراو، پەنا بۆ دادگا و یاسا ببەن نەک توندوتیژی."

لەلایەکی دیکەوە ئاسایشی گشتیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەر قوتابییەک پلانی دروستکردنی ڤیدیۆیەکی لەوجۆرەی هەبێت، پێویستە پێشوەختە ڕەزامەندی وەربگرێت و هاووڵاتییان ئاگادار بکرێنەوە."