یانەی چوارقوڕنە راهێنەری نوێی دیاریی كرد
هەردی نورەدین یاریدەدەری یەكەمی رەمزی ساڵح وەكو راهێنەری یانەی چوارقوڕنە بۆ یاریی دێربی راپەڕین دەست بەكار دەبێت
یانەی چوارقوڕنە پێش یارییەكەی سبەی بەرامبەر یانەی رانییە، ستافی راهێنەرانی دیاریی كرد، سبەی ئەو راهێنەرە یەكەمین ئەزموونی لە دێربی راپەڕین تاقی دەكاتەوە.
یانەی چوارقوڕنە دوای یەكسانبوونەكەی هەفتەی رابردووی بەرامبەر یانەی رزگاری، رەمزی ساڵح راهێنەرەكەی شاری كەركووك دەستی لەكاری راهێنەرایەتی چوارقوڕنە كێشایەوە، بەڵام دوو یاریدەرەكەی لە پۆستەكەیان مانەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، هەردی نورەدین یاریدەدەری یەكەمی رەمزی ساڵح وەكو راهێنەری یانەی چوارقوڕنە بۆ یاریی دێربی راپەڕین دەست بەكار دەبێت، كۆژیر محەمەد كە پێشتریش یاریدەدەری رەمزی ساڵح بوو لە هەمان پۆستی خۆی وەكو یاریدەدەری هەردی نورەدین بەردەوام دەبێت.
هەردی نورەدین پێشتر یەكێك بوو لە یاریزانە دیارەكانی شاری كەركووك، پێشتر یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق و یانەكانی زەورا، هەولێر، زاخۆ و پێشمەرگەی سلێمانیش كردووە، كۆژیر محەمەدیش بڕوانامەی C ئاسیایی هەیە و خەڵكی چوارقوڕنەیە.
لە لایەكی دیكەیشەوە سەرهەنگ عەبدوڵڵا وەكو سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی چوارقوڕنە بەردەوام دەبێت.
یانەی چوارقوڕنە ئەم وەرزە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرایەتی رەمزی ساڵح چوار یاریی كردووە، 2 شكست و 2 بەرامبەربوونی هەیە و هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكردووە، 6 گۆڵی كردووە و 8 گۆڵیشی لێكراوە.