بایدن پێش جێهێشتنی دەسەڵات، یەک ملیار دۆلاری بۆ وڵاتانی ئەفریقا تەرخان کرد

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پێش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی، یەک ملیار دۆلاری بۆ هاوکارییکردنی پەنابەران و ئاوارەبووانی وڵاتانی ئەفریقا دابین دەکات.

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) ڕایگەیاند، هاوکارییەکان بۆ چارەکردنی نائاسایشیی خۆراک و پێداویستییە فریاگوزارییەکان بۆ پەنابەران، ئاوارەکان و کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکانی 31 وڵاتی ئەفریقا تەرخان دەکرێت.

 سێشەممە، 3-12-2024، جۆو بایدن لە وتارێکدا کە لە لواندای پایتەختی ئەنگۆلا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند: " زیاتر لە ملیارێک دۆلار لە پاڵپشتی مرۆیی نوێ بۆ ئەو ئەفریقییانەی کە لە ئەنجامی وشکەساڵی ماڵەکانیان بەجێ هێشتووە، دەنێرین".

بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا بەدەست وشکەساڵییەوە گرفتارن، کە زیانێکی زۆری لە بەروبووم و ئاژەڵداری داوە.

ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە باسی لەوەش کرد "ململانێی چەکداری، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کارەساتی سروشتی و بارودۆخی نائاسایی دیکە و پێداویستییە مرۆییەکان لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا زیاد دەکەن، بۆیە پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە بۆ ڕزگارکردنی ژیان و کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک."

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی لەسەدا 20ـی خەڵکی ئەفریقا، واتە نزیکەی 300 ملیۆن کەس لە ساڵی 2023دا ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

هەروەها بەپێی ئاماری ئاژانسی گەشەپێدانی ئەمەریکا، واشنتۆن لەم ساڵدا نزیکەی 6.6 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری پێشکەش بە وڵاتانی ئەفریقا کردووە.