ئارنی سڵۆت سەرسامە بە محەمەد سەڵاح
ئارنی سڵۆت دەیەوێت محەمەد سەڵاح ماوەیەکی دوور و درێژ لە لیڤەرپوول بمێنێتەوە
ئارنی سڵۆتی راهێنەری لیڤەرپوولی ئینگلیزی ستایشی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسری دەکات و پێیوایە لە کاتە سەختەکان دەبێتە فریادڕەسی یانەکەی.
سڵۆت دوای یەکسانبوونەکەیان بەرامبەر نیوکاسڵ لە پرێمەرلیگ بۆ کەناڵی ئەمازۆن پرایم گوتی: هەستەکانم جیاوازن، لە نیوەی دووەم زۆر نایاب بووین، بەڵام لە نیوەی یەکەم ئاستێکی باشمان پێشکەش نەکرد، بۆیە یەکسانبوون بە ئەنجامێکی دادپەروەرانە دەزانم.
راهێنەری لیڤەرپوول ئاماژەی بەوەکرد، کە نیوکاسڵ بە شێوەیەکی زۆر تووندوتیژ یارییان کرد و ناچاریان کردین لە یارییەکە هەڵە بکەین، بەڵام لە نیوەی دووەم هاتینەوە ناو یارییەکە و زۆر باشبووین، هەرچەندە پێشتر دەمزانی یارییەکە ئاسان نابێت.
ئارنی گوتیشی: دوای هەفتەیەکی سەخت، سەرکەوتوو بووین لە گۆڕینی ئەنجامی یارییەکە، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە، هەر جارێک پێویستمان بە سەڵاح بێت گۆڵ تۆمار دەکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا سڵۆت ستایشی محەمەد سەڵاحی کرد و گوتی: هیوادارم سەڵاح بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت لەو کارەی دەیکات بەتایبەتی لە نیوەی دووەم، ئاستی نایاب و ناوازە بوو.
محەمەد سەڵاح ئەم وەرزە لەگەڵ لیڤەرپوول دەدرەوشێتەوە و بە 13 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی پرێمەرلیگی گرتووە و پێنجەم گۆڵکاری یانەکەیەتی بە تۆمارکردنی 226 گۆڵ.