گواردیۆلا داوای لێبووردن لە مۆرینیۆ دەکات
بەهۆی لێدوانەکانییەوە گواردیۆلا داوای لێبووردن لە مۆرینیۆ دەکات
پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بەهۆی چەند لێدوانێکەوە داوای لێبووردن لە جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی فێنارباهچێ دەکات.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی گواردیۆلا دەڵێت: ئەگەر بە قسەکانم مۆرینیۆم دڵتەنگ کردبێت، زۆر داوای لێبوردن دەکەم، ئەوە تەنیا بۆ خۆشی بوو، بەڵام ناتوانین خۆمان لەوە لابدەین، کە ئەو خاوەنی 3 نازناوی پرێمەرلیگە و منیش 6 نازناوم هەیە، چونکە ئەمەش راستییە، بەڵام مەبەستەکەم بە تەواوی باش بووە و نەم ویستووە بەو قسانە بێزاری بکەم.
گواردیۆلا زیاتر قسەی کردووە و گوتوویەتی: ئێمە لەگەڵ یانەکانمان نازناوی زۆرمان بەدەستهێناوە، مۆرینیۆ لەگەڵ چێڵسی و منیش لەگەڵ مانچێستەر سیتی، بۆیە ئەگەر مێزێك هەبێت بۆ ئەو راهێنەرانەی کە نازناوی زۆریان بەدەستهێناوە ئەوا دەتوانین لەگەڵ سێر ئەلێکس فێرگسن و ئارسن ڤێنگەر پێکەوە دابنیشین، لەوەش دڵنیام درەنگ بێت یان زوو بەهۆی نازناوەکانمانەوە پیرۆزبایی لە من و جۆزێ دەکرێت.
بۆ بیرهێنانەوە.. گواردیۆلا لە کاتی دۆڕانیان بەرامبەر لیڤەرپوول بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر هاندەرانی رێدز پێیان گوت سبەی لە کارەکەت دەرت دەکەن، راهێنەرەکەی مان سیتیش دەستی بەرزکردەوە و گوتی: من 6 نازناوی پرێمەرلیگم هەیە.
کاتێکیش پرسیار لە پیپ کرا لەبارەی بەرزکردنەوەی دەستی و لاسایی کردنەوەی مۆرینیۆ، گواردیۆلا گوتی: من 6 نازناوی پرێمەرلیگم هەیە و مۆرینیۆ تەنیا 3 نازناوی هەیە.
دوای ئەوە مۆرینیۆ وەڵامی گواردیۆلای دایەوە و گوتی: پیپ چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕایگەیاند کە 6 نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە و من 3 نازناوم هەیە، بەڵام ئەوە بزانن ئەوان 150 تۆمەتیان لەسەرە.