8 وڵات جەخت لەسەر وەستاندنی شەڕ لە سووریا دەکەنەوە
8 وڵات لەبارەی دۆخی سووریا کۆبوونەوە و جەختان لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکە کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە دەوحە کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی 8 وڵات، کە پێکهاتبوون لە؛ قەتەر، عێراق، سعوودییە، ئوردن، میسر، ئێران، تورکیا، ڕووسیا لەبارەی دۆخی سووریا و ناوچەکە بەڕێوەچوو.
لە دوای کۆبوونەوەکە هەر 8 وڵات ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە، کە تێیدا جەختیان لە وەستاندنی شەڕ لە سووریا کردەوە و هەروەها داوایان کرد کە هاوکارییەکان بۆ گەلی سووریا زیاد بکرێن.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، دەبێت چارەیەکی سیاسی بۆ تەنگەژەی سووریا بدۆزرێتەوە و چونکە وەک ئاماژەی پێ دەکەن تەنگەژەی سووریا پێشهاتێکی مەترسیدارە.
لە خاڵێکی دیکە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە دەبێت خوێنڕشتن لە سووریا کۆتایی پێ بهێنرێت، هەروەها جەخت لە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا کرایەوە.
8 وڵاتەکەش سەرنجیان بۆ ئەوە ڕاکێشاوە، کە دەبێت ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی کۆکەرەوە بکرێت.