وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوبەشییەکی نوێی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوبەشییەکی نوێی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوبەشییەکی نوێی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند

بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن لە لایەن هەریەک لە سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و تاهیر بێناتیا، بەڕێوبەری پڕۆگرامی ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسا لە عێراق، ئیمزا کرا.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یاداشتنامەکە، نەخشەڕێگای گشتیی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لەگەڵ دامەزراوەی ئاژانسی شارەزایانی فەڕەنسا دەبێت بۆ قۆناغی داهاتوو.

ئاماژە بەوەش کراوە "ئەم یاداشتنامەی لێکگەیشتنە، هەنگاوێکی دیکەی بونیاتنان و پەرەپێدانی ژێرخانی دامەزراوەییە لە هەرێمی کوردستان و سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات بەرەو قۆناغێکی تر دەبات."

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکیان خستە سەر گرنگیی ئەم یاداشتنامەیە.

وەزیری ناوخۆ، گرنگی، یاداشتنامەکەی بۆ مێدیاکان خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە دا، دامەزراوەی ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسا لە ڕێگەی یەکێتیی ئەورووپا، بڕی 1.5 ملیۆن یۆرۆی بۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە تەرخان کردووە، تێیدا بەهەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، کار لەسەر بەرزکردنەوەی توانای خۆڕاگری کۆمەڵگا و وەڵامدانەوەی مەترسی و کارەساتەکان دەکرێت؛ بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی فەرەنسا و دابینکردنی توانای لۆجێستی و شارەزایی لەو بوارە بەتایبەت بۆ تیمەکانی بەرگری شارستانی.

 

 

وەکوو ئەوەی ڕێبەر ئەحمەد باسی کرد "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ  فەرەنسا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە" و سوپاسی حکوومەتی فەرەنسای کرد بۆ پشتگیریی بەردەوامیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نێودەوڵەتی، گوتی:"لەو چوارچێوەیەشدا، وەزارەتی ناوخۆ  توانیویەتی هاوبەشی لەگەڵ چەند وڵاتێک بکات و سوود لە شارەزایی وڵاتە پێشکەوتووەکان وەربگرێت و ئەو هاوبەشیە ڕەهەندێکی تری سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی فەرەنسا. بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لە پرۆژەکە دەکەین و هاوتەریب لەگەڵ لایەنی هاوبەش پرۆژەکە دەبەینە قۆناغ و ئاستی فراوانتر و پێشکەوتووتر."

لای خۆشیەوە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، بە وردی ئاماژەی بە گرنگی ئەم هەماهەنگییە کرد بۆ پێشخستنی توانای دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان و قەیران و کارەساتەکان "بە تایبەت فەرەنسا کە شارەزاییەکی قووڵی لە بابەتی ڕزگارکردنی ئاوی و بابەتی ئاگرکوژێنەوە هەیە کە دوو شادەماری گرنگی پڕۆسەی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانن."

هاوکات کونسوڵی گشتیی فەرەنسا ئەوەشی خستە ڕوو "ئەم هاوبەشییە، سەلمێنەری گرنگیی هەرێمی کوردستانە بۆ فەرەنسا و ئەوەش بوارێکی دیکەی هەماهەنگی هاوبەشە کە هەردوولا کاری لەسەر دەکەن."