هەولێر: ڕۆژانە حەوت تۆن خواردن بۆ پەناگەی سەگەبێلانەکان دەبرێت
بەڕێوەبەڕایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، ڕۆژانە لە ڕێگای ژینگەپارێزەکانییەوە سەرجەم زبل و پاشماوەی هەولێر کۆ دەکەنەوە و دەیبەنە زبڵخانەی کانیی قرژاڵەی هەولێر، پاشماوەی خواردنی بەشێک لە چێشتخانەکانی هەولێریش دەبرێتە پەناگەی سەگەبێلانەکانی هەولێر.
سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، ژیارجەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، تایبەت بەماڵپەری کوردستان 24ـی ڕاگەیاند "تیمەکانمان ڕۆژانە و بەردەوام هەموو ئەو زبڵ وخاشاکەی هەولێر کۆ دەکەنەوە و دەیبەنە زبڵخانە گەورەکەی هەولێر."
دەشڵێت: "ڕۆژانە نزیکەی سێ هەزار تۆن لە 12 زۆنەوە کۆ دەکرێتەوە و دەبرێتە ئەو زبڵخانە" زبڵخانەی کانیی قرژاڵە کەوتۆتە سەر ڕێگای هەولێر- خەبات، ڕووبەرەکەی 300دۆنم زەوییە".
لەسەر بابەتی خواردنی زیادەی چێشتخانەکانی هەولێر، ژیار جەلال گوتیشی: "بەشێک لەچێشتخانەکانی هەولێر هاوکارمانن، لەوەی خواردنی زیادە کۆ دەکەنەوە و بۆ پەناگەی سەگەبێلانەکانی دەنێرن، بەڵام ئێمە زیاتر پشت بە دوکانی مریشکفرۆشەکان دەبەستین، باڵ و قاچ مریشەکەکان دوای سەربڕینیان، کۆ دەکەینەوە و تێکڕا ڕۆژانە نزیکەی حەوت تۆن خۆراک دەگەیەنینە پەناگەی سەگە بێلانەکان."
پەناگەی سەگە بێلانەکانی هەولێر کەوتووەتە سەر ڕێگای هەولێر- گوێر و ڕووبەرەکەی 20 دۆنم زەوییە و 15 کیلۆمەتر لەسەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە.