داواکاری گشتیی تەق تەق: خاوەن پرۆژەکانی حەوزی ماسی دەبێت مۆڵەتیان هەبێت
چەند ڕۆژێک لە مەوبەر داواکاری گشتیی قەزای تەق تەق بڕیاری دا بەداخستنی هەموو ئەو پرۆژانەی حەوزی ماسی کە مۆڵەتی فەرمیان نییە، تاوەکوو مۆڵەت فەرمیی وەردەگرن.
سیشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2024، خاوەن پرۆژەکانی حەوزی ماسی گردبوونەوە وداوایان کرد چارەیەکیان بۆ بدۆزنەوە. ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەق تەق، تایبەت بەماڵپەری کوردستان 24ـی ڕاگەیاند "لە سنووری تەق تەق زیاتر لە هەزار و 200 حەوزی ماسی هەیە وسەرجەمیان مۆڵەتی فەرمیان نییە و ساڵانێکی زۆرە هەن، بەشی زۆری ئەو پرۆژانە بۆ ساڵانی نەوەدەکان دەگەڕێنەوە، داوامان کردووە، ئەوانەی ئێستا دروست دەکرێن بە ڕێکاری فەرمی بچن مۆڵەت دەربهێنن."
تەق تەق لە پێشەنگی بەرهەمهێنان و ناردنی ماسی دادەندرێت لە هەموو عێراقدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق نزیکەی 700 حەوزی ماسی لە داقوق داخست، تەقتەق بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ و پێوستی بژێوی ژیانی دانیشتووانی دەڤەرەکە، سەرەڕای پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ.