سەرۆک وەزیرانی بەحرەین بۆ مەسرور بارزانی: ئامادەین لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە
سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەحرەین، لە شاری مەنامە، لەگەڵ میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "برەودان بە پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە - هەولێر لە داهاتوودا تاوتوێ کرا."

جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەحرەین دەربڕی و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا."

ئاماژە بەوەش کراوە "سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەحرەینی کرد و خواستی پتەوکردنی پەیوەنديی دوولایەنەی لە بوارەکانی جێی بەرژەوەنديی هاوبەش، بە تایبەتی بنیاتنانی ژێرخان و چاکسازيی دارایی و بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپات کردەوە."

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتيی سووریا و ناوچەکە بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرا.