ئەنجوومەنی وەزیران مووچە و هەمواری بودجە تاوتوێ دەکات

چوارشەممە، 11-12-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆ دەبێتەوە و دوو بڕگە تاوتوێ دەکات. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە پێشەكیی كارنامەدا، دواپێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتەكانی هاوپێچی یاساكە بۆ ساڵی دارایی 2025 و ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەمدواییەی وڵاتی سووریا گفتوگۆ دەكرێن.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "پێشنیاری هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە بۆ هاوتاكردنی ناونیشانە وەزیفییەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لەبەر ڕۆژنایی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2024 دەخرێتە ڕوو."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت "لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتی وزیری هەرێم بۆ كاروبارەی پێكهاتەكان سەبارەت بە كاروباری وەزارەتەكەی دەخرێتە ڕوو."