توركیا باڵیۆزخانه‌ی وڵاتەکەی له‌ دیمه‌شق کردەوە

باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق
باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، تورکیا وەکو یەکەم وڵات باڵیۆزخانەکەی بە فەرمی لە دیمەشق کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، باڵیۆزخانەی تورکیا لە سووریا لە دوای 12 ساڵ دووبارە لە وڵاتەکە کرایەوە و ئاڵای تورکیای تێدا بەرز کرایەوە. هەروەها کونسوڵخانەی سووریاش لە ئیستانبوڵ دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.

باڵیۆزخانەی تورکیا لە دوای خۆپیشاندان و ڕووداوەکانی ناوخۆی سووریا، لە 26ـی ئاداری 2012 هەموو کارەکانی خۆی وەستاند و بەرپرس و کارمەندانی گەڕاندەوە وڵاتەکەی.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕایگەیاندبوو، بورھان کۆرئۆغڵو، باڵیۆزی تورکیا لە مۆریتانیا وەک بەڕێوەبەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە دیمەشق ئەرکدار کراوە و تەواوی تیمەکەی چوونە سووریا. گوتبووشی: ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە دیمەشق دەکرێتەوە.