کۆرۆنا مردووەکانی بەرازیل لە گۆڕ دەردەهێنێت
بەرازیل لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە
K24- هەولێر:
بەهۆی زۆری ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرازیل، گۆڕی مردووە کۆنەکان هەڵدەدرێنەوە و قوربانیانی کۆرۆنایان تێ دەکرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی مێترۆ، تەنها دوێنێ هەینی، 909 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 828 هەزار حاڵەتیش لە بەرازیل تاکو ئێستا تۆمار کراوە. بەمەش لە دوای ئەمەریکا، بەرازیل دەبێتە دووەم وڵات کە زۆرترین حاڵەتی مردنی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە.
لە شاری ساوپاولو، ئەو گۆڕانەی سێ ساڵ پێش ئێستا لێدراون، دووبارە دەکرێنەوە و تەرمی نوێی تێدەکرێت، هەروەها تەرمە کۆنەکانیش بەشێوەیەکی کاتی لە شوێنێکی تایبەت هەڵدەگیرێن. ئەمەش بەهۆی ئەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەهۆی نەمانی گۆڕ زیادتر نەکات.
بەرازیل یەکێکە لەو وڵاتانەی قوربانییەکی سەرەکی کۆرۆنایە و لە دوو مانگی رابردوو، حاڵەتەکان بەشێوەیەکی بەرچاوی زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە، نەخۆشخانە و پێداویستی پزیشکیی کەم بکات و رەوشێکی تەندروستی مەترسیدار دروست ببێت.
لە ئەمەریکا کە زۆرترین رێژەی مردنی تێدایە، 116 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، دوای ئەویش بەرازیل دێت کە 91 هەزار و 901 کەس گیانیان لەدەستداوە.