باوکی ئەبو محەممەد جۆلانی ئەکادیمییەکی ناسیۆنالیستی عەرەبی بووە

حوسێن شەرعی باوکی  ئەحمەد شەرع( محەممەد جۆلانی)
حوسێن شەرعی باوکی ئەحمەد شەرع( محەممەد جۆلانی)

حسێن عەلی شەرع، ئەکادیمی و نووسەری جۆشدراو بە بیری ناسیۆنالیستی عەرەبی، باوکی ئەحمەد شەرعی ناسراو بە ( محەممەد جۆلانی)، ڕێبەری دەستەی تەحریر شامە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا دوای 53 ساڵ لە حکوومڕانی خانەوادەی ئەسەد.

حوسێن عەلی محەممەد خالید شەرع، لەدایکبووی ساڵی 1944ـی شارۆچکه ی فیق له باشووری جۆلانە کە لەڕووی کارگێڕییەوە ئەو ناوچەیە سەر بە پارێزگای قەنیترەیە، خانەوادەکەی لە گەورە خاوەن موڵکەکانی ناوچەکە بوون.

باپیری و مامەکانی لە شۆڕشی ساڵی 1920-1927 دژی فەرەنسا لە سووریا، بەشدارییان کردووە، باوکیشی لەبواری بازرگانیدا کاری کردووە، لە ناوچەکەی خۆیدا تا قۆناغی ناوەندیی لە قوتابخانەی فیق خوێندوویەتی.

تۆ لەخۆت پرسیووە کێ لە پشتی ئەو کەسەیە کە ئێستا بووە بە دیارترین سەرکردەکانی جیهان و زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت؟ ئەو کەسە حوسێن عەلی شەرعی باوکی ئەحمەد شەرع(محەممەد جۆلانی)یە، ئەو کەسێکی ئاسایی نییە لە گۆڕەپانی سیاسیی سووریا، بەڵکو کەسێکە خاوەنی مێژووی فیکری سیاسی و ئابووری زۆر درەوشاوەیە.

ئەو کاتەی ناوی کوڕەکەی کەوتە نێو گۆڕەپانی ململانێ سەربازییەکانی عێراق و سووریا، حوسێن شەرع کەسایەتییەکی کاریگەر بوو لە بواری فیکری سیاسیدا، کاروانی پڕ بەرهەمی ئابووری بەردەوام بوو بۆ گەشەپێدان، لەگەڵ ئەوەشدا داوای گۆڕانکاریی دەکرد، لە بەرهەمهێنان و کارەوە، بۆ بەرهەمهێنانی ئەکادیمی و بەشداریی لە بزووتنەوەی سیاسی.

حوسێن شەرع لە شارۆچکەی فیق، خاوەنی ڕووبەڕێکی فراوانی زەوی و زاری کشتوکاڵی بوو کە لە باب و باپیرانییەوە بۆی مابووەوە، ئەو خانەوادەی هەر لە کۆنەوە خەریکی کشتوکاڵ بوون لە ناوچەکە، سەرباری ئەوەی زۆرینەیان دژی فەرەنسا لە سووریا بەشداریی شۆڕشیان کردووە.

حوسێن شەرع، ساڵی 1963 لە ناوەندیی قوتابخانەی فیق، لەژێر فشاری گەورەی سیاسیدا دەیخوێند، ئەو کاتەی قوتابی بوو، بەشداریی خۆنیشاندانەکانی دژی دەسەڵاتی دەکرد، بۆیە لەگەڵ هاوڕێکانی گیران، هەر ئەو کاتە ڕیش سپی و پیاو ماوقوڵانی ناوچەکەی هەوڵیان بۆیان دا و لەماوەی چوار ڕۆژدا ئازادیان کردن، دوای ئەوە، حوسێن شەرع بڕیاریدا سووریا بەجێبێڵێت و ڕوو لە ئوردن بکات، بەر لەوەی سووریا بەجێبێڵێت، دووبارە گیرایەوە و ئەمجارەیان دوو مانگ و نیو لە بەندیخانە مایەوە، بۆیە کە دوای ئەو ماوەیە ئازاد کرایەوە، دوو بژاردەی کرد لەنێوان عێراق و سووریا بۆ ئەوەی ڕووی تێبکات، دواجار عێراقی هەڵبژارد بۆی بچیت ئەو کاتەی عەبدولسەلام عارف سەرۆکایەتی دەکرد، هەر لە عێراق چووەوە قوتابخانە و لە ناوەندیی بەغدا خوێندنی تەواو کرد، دواتر چووە کۆلێژی ئابووری و زانستی سیاسی لە زانکۆی بەغدا، شەرع زۆر کاریگەر بوو بە فیکریی نەتەوەیی و چەپ و پرۆژەی سەربەخۆیی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر سەرسام بوو بە جەمال عەبدولناسری سەرۆکی پێشووی میسر، ساڵی 1969  لە کۆلیژی ئابووری بەغدا دەرچوو.

کاروانی پیشەیی و کاریگەریی فیکریی

دوای تەواوکردنی خوێندنی، حوسێن شەرع گەڕایەوە سووریا و لە سەرەتای ساڵی حەفتاکان دەستی بە کاروانی پیشەیی خۆی کرد لە وەزارەتی نەوتی سووریا، خۆشی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەربژێر کرد و بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای قەنیترە هەڵبژێردرا، دواتر خۆی بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەربژێر کرد، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا بەهۆی دەستکاریی کردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بۆیە هەر ئەو کاتە ململانێکانی شەرع لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق دەستیپێکرد، لەبەر ئەوەی فشاری زۆری سیاسی لەسەر بوو، دووبارە سووریای بەجێهێشتەوە و چووە سعوودیە، ئەو کاتە خوای گەورە ئەحمەدی پێ بەخشین کە ئێستا بە ئەبو محەمەد جۆلانی ناسراوە، لەو وڵاتە چووە نێو کەرتی نەوت و لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی جیهان دەستی بەکار کرد، بە توانا و ئەزموون و شارەزایی خۆی، توانی توێژینەوەی زانستی لەبواری ئابووری بکات کە بووە گۆڕانکاریی لە بازاڕی وزەی جیهانیی، حەوت کتێبیشی لەسەر بواری نەوت لە ساڵی 1983 تاکوو ساڵی 1988 بەچاپ گەیاندووە، حوسێن شەرع لە توێژینەوەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئابووری وڵاتانی عەرەبی کە لەسەر نەوتە، هیچ ژێرخانێکی ئابووریی بەردەوامیان نییە.

لە ساڵانی هەشتاکان، حوسێن شەرع دووبارە گەڕایەوە سووریا و لە وەزارەتی نەوت دەستی بەکار کرد، لەو وەزارەتە بوو بە بەڕێوەبەری کارووباری ئابووری و ڕاوێژکاری وەزارەتەکە و راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ ماوەیەکی کورت، دواتر بەشداریی لە توێژینەوەکانی پەیوەست بە ستراتیژیەتی  وەبەرهێنانی نەوت و گەشەپێدانی ئابووری کرد ، ئینجا ڕووبەڕووی ئاستەنگی و زەحمەتی زۆر بوەوە بەهۆی هەڵوێستە فیکرییەکانی و ڕەت کردنەوەی گەندەڵی، هەر بۆیە دەستی لە کارە فەرمییەکانی خۆی بەردا و دوکانێکی بچووکی  لە گەڕەکی مەززە کردەوە کە یەک لە گەڕەکە هەرە خۆشەکانی دیمەشق بوو.

ڕۆڵی لە بەهاری دیمەشق

حوسێن شەرع، ڕۆڵێکی گرنگ و گەورەی بینی لە بەهاری دیمەشق ساڵی(2000-2001)، ئەو ماوەیەی زۆر کورت بوو بۆ چیژ بینین لە ئازادی سیاسی و ڕۆشنبیریی، شەرع یەک لەو کەسانە بوو کە داوای گۆڕانکاریی ئاشتیانە و چاکسازیی سیاسیی دەکرد، لەگەڵ کۆڕبەندیی دیالۆگی نیشتمانی کە لەماڵی ڕیاز سەیف ڕێکخرا، ئەو کۆڕبەندەی کەسەی سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆنەکانی وەک میشێل کێلۆ، عارف دەلیلەی کۆ دەکردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی دیموکراسی و ئازادیی، لەوێ داوای چاکسازیی بنەڕەتییان لە سیستەمی سیاسی سووریا دەکرد.

ساڵی 2005، حوسێن شەرعی باوکی محەمەد جۆلانی، یەک لەو کەسانە بوو ئیمزای لەسەر پرۆژەی دیمەشق کرد بۆ گۆڕانکاریی نیشتمانی و دیموکراسی، ئەوەش بووە بەیاننامەیەکی مێژوویی کە لەلایەن هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان دەرکرا، تێیدا داوای گواستنەوەی سووریایان کرد بۆ سیستەمێکی دیموکراسی وفرەیی، وەک هەنگاوێکی بوێرانە لە بارودۆخێکی زۆر توندی ئەمنی کە دووچاری دەبوونەوە لە سووریا.

کۆتایی

دوای ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە سووریا هاتنە پێشەوە، ئەو پەیوەندییە فیکریانەی نێوان باوک و کوڕ لەسەر زۆر بواردا فراوانتر بوون، ئەرکەکە قورستر بووە کە پەیوەستە بە ئایندەی سووریا و گۆڕانکارییە چاوەڕانکراوەکان کە پێداچوونەوە بە ڕۆڵی کەسایەتییە سیاسییەکان لە سووریا دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا چەند جارێک محەمەد جۆلانی دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە، کاریگەرە بە فیکری باوکی و بەها قووڵەکانی لە گەڕان بەدوای دادپەروەری کۆمەلایەتی و چاکسازیی سیاسیدا.

پرسیارە سەرەکییەکە لێرەوە دروست دەبێت: کاریگەربوون بەو فیکرە دەتوانێت ڕۆڵێکی چالاکی هەبێت لە ئایندەی( محەمەد جۆلانی) و ئاراستەی ڕووداوە نوێکانی سووریا؟