فڕۆکەیەکی B-52ـی ئەمریکا تێکشکا

 تۆڕی هەواڵی 'سی ئێن ئێن' لە زاری سەرچاوەیەکی بنکەی هێزی ئاسمانیی ئێدواردز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی ستراتیژیی ئەمریکا لە جۆری (B-52) تێکشکا و پێشبینی دەکرێت تەواوی ئەندامانی ستافەکەی کە هەشت کەس بوون، گیانیان لەدەستدابێت.

بەرپرسانی بنکەی ئێدواردز رایانگەیاندووە، فڕۆکەکە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی تاقیکردنەوەی رۆتینی هەڵفڕیوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم تووشی رووداوێکی کارەساتبار بووە، تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، هەروەها بەهۆی تێکشکانەکەوە دوکەڵێکی رەش و چڕ ئاسمانی ناوچەکەی گرتەوە.

هەرچەندە گرتە ڤیدیۆییەکان پەڵەیەکی گەورەی رەش و سووتاو لەسەر رێڕەوی فڕینی بنکەکە نیشان دەدەن، بەڵام بەهۆی  رووداوەکەوە جیاکردنەوەی پارچەکانی فڕۆکەکە کارێکی ئەستەمە.

دەستبەجێ دوای رووداوەکە، بنکەی ئاسمانیی ئێدواردز داخستنی فڕۆکەخانەکەی راگەیاند و گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی دیکە گۆڕی. هەروەها هەموو مۆڵەتەکانی سەردانیکردنی بنکەکەی تا کاتێکی نادیار راگرت.

فڕۆکەی (B-52) یەکێکە لە کۆنترین و بەهێزترین فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا کە لە ساڵی 1955ەوە لەکاردایە، ئەم فڕۆکە زەبەلاحە توانای هەڵگرتنی 70 هەزار پاوەند بۆمب و تەقەمەنی هەیە، مۆدێلی (B-52H) کە لە ئێستا بەکاردێت، بەشێکی سەرەکییە لە جبەخانەی ئەمریکا و لە ئەرکە نوێیەکانی پەیوەست بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەکارهێنراوە.

سەبارەت بە مێژووی رووداوەکانی ئەم فڕۆکەیە، دواین رووداو لە ساڵی 2008 لە کەناراوەکانی "گوام" تۆمارکراوە کە تێیدا 6 کارمەندی هێزی ئاسمانی گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە ساڵی 2016ش فڕۆکەیەکی تر لە کاتی هەڵفڕیندا تێکشکا، بەڵام ستافەکەی بە سەلامەتی رزگاریان بوو.