جەی دی ڤانس: ئەگەر ئێران پابەند نەبێت، دەست بە هێرشەکان دەکەینەوە
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دوودڵ نابێت لە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، ئەگەر تاران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت لە چوارچێوەی هەر رێککەوتنێکدا کە لەگەڵ ئەمریکا واژۆی دەکات.
ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانرێت پێشبینی رەفتارەکانی تاران بکرێت. گوتیشی: "وڵاتانی کەنداو بە وریاییەوە دەڕواننە حکوومەتی ئێران، چونکە ناتوانن پێشبینی بکەن لە پێنج ساڵی داهاتوودا تاران چی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتێکی راستەقینە بۆ سەقامگیری ناوچەکە دەبینن."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەموو کارتەکانی فشاری لەبەردەستە. راشیگەیاند، ئەگەر ئێران بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات، هەموو ئەو ئیمتیازاتانە لەدەست دەدات کە لە رێککەوتنەکەدا بۆی دابین کراوە و ئابوورییەکەی لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە کاردانەوەی ترەمپ لە ئەگەری پێشێلکارییەکانی ئێران، ڤانس گوتی: "پێموایە ترەمپ دوودڵ نابێت لە دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان یان گەڕانەوەی گەمارۆکان. ئەگەر پێویست بکات، ئەو کارە دەکات."
ڤانس روونیکردەوە، ئامانجی کۆتایی دۆناڵد ترەمپ گۆڕینی رژێم نییە لە ئێران، بەڵکو دەیەوێت تاران رەفتارەکانی بگۆڕێت و وەک دەوڵەتێکی ئاسایی لە ناوچەکەدا مامەڵە بکات.
دوێنێ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس یاداشتی لێکگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و لە لایەنی ئێرانیشەوە محەمەدباقر قاڵیباف واژۆی لەسەر کردووە.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، پشتڕاستی کردووەتەوە کە لایەنی ئەمریکی و ئێران یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان واژۆ کردووە.
رۆیتەرز ئاماژەشی داوە، ئەم تێگەیشتنە نوێیە جەخت لەسەر دوو هەنگاوی بەپەلە دەکاتەوە: یەکەمیان، کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا، و دووەمیان، هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ و ئابڵۆقە دەریاییانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا سەپاندبووی.