ئۆباما: رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015 لەم رێککەوتنە کاریگەرتر بوو

ئۆباما گومان لە رێککەوتنە نوێیەکەی ترەمپ لەگەڵ ئێران دەکات

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، رایگەیاند؛ گومان دەکات لەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بتوانێت بگاتە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کە جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015هەبێت. ئۆباما جەختی کردەوە کە چارەسەرە دیپلۆماسییەکان هەمیشە لە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی کاریگەرترن.

ئەم لێدوانانەی ئۆباما لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی بەیانی باش ئەمریکا  (Good Morning America) هات، کە لە سەنتەری سەرۆکایەتی ئۆباما لە شیکاگۆ تۆمار کرابوو، ئەمەش تەنیا رۆژێک پێش ئەوەی ترەمپ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران رابگەیەنێت.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، واشنتن و تاران گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا. بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، رێککەوتنەکە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و رادەستکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەو وڵاتە بە ئەمریکا لەخۆدەگرێت.

ئەم پێشهاتە دوای هەشت ساڵ لە کشانەوەی ترەمپ لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015دێت، کە ئۆباما سەرکردایەتی کردبوو و ترەمپ لەو کاتەدا بە خراپترین رێککەوتن وەسفی کردبوو.

ئۆباما لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی: "هەر رێککەوتنێک ئیدارەی ترەمپ پێشنیازی بکات جێگەی گومانە، جیاوازییەکی زۆر یان باشتربوونێکی بنەڕەتی بەراورد بە رێککەوتنەکەی پێشوو هەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکەی ئەوان بۆ ماوەیەکی درێژ کاریگەری خۆی سەلماندبوو پێش ئەوەی ئەمریکا لێی بکشێتەوە.

سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا هیوای خواست کۆتایی بە جەنگ و بۆردومانەکان بهێنرێت و داوای لە بڕیار بەدەستان کرد دیپلۆماسی بخەنە پێش کردەوە سەربازییەکان. گوتیشی: "دەبوو تا ئێستا ئەم وانەیە فێر ببووینایە، بەڵام وادیارە پێویستە جاروبار دووبارە فێری ببینەوە."

لە 28ـی شوباتی رابردوو ترەمپ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەورەی بە هاوبەشی ئیسرائیل دژی ئێران راگەیاند، هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر بنکە سەربازی و حکوومییەکان لەخۆگرتبوو. دوای زنجیرەیەک دانوستان لە پاکستان و درێژکردنەوەی ئاگربەست، دواجار هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن.

لەلایەکی دیکەوە، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە، داڕشتنی رێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە و بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو لە سویسرا بە فەرمی واژۆ بکرێت.