ئەکسیۆس: هەواڵگری ئەمریکا گومانی لە ئێران هەیە
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە نێو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا دەربارەی یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەگەڵ ئێران ناکۆکی دروستبووە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی (CIA) گومانی جددی لای ترەمپ و بەرپرسانی باڵا دەربڕیوە لەبارەی ئامادەیی تاران بۆ پێشکەشکردنی سازشی ئەتۆمی. راتکلیف ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی بەرپرسانی ئێران لە ناوخۆدا دەیڵێن لەگەڵ ئەو پەیامانەی دەیدەنە نێوەندگیرەکان.
لە نێو ئیدارەکەدا، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هیگسێت وەزیری بەرگری تێبینییان لەسەر رێککەوتنەکە هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا جی دی ڤانس جێگری سەرۆک و هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر پشتگیری لە بەردەوامبوونی پڕۆسەکە دەکەن.
مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە:
یاداشتنامەکە پشت بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی وردتر دەبەستێت لە ماوەی 60 رۆژدا. بەپێی بەندەکان، ئێران پابەند دەبێت بە راگرتنی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ماوەی دانوستاندا، ئەمریکا سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیادە لە ناوچەکە بڵاو ناکاتەوە، گەرووی هورمز بە شێوەیەکی پلەبەندی دەکرێتەوە، ئێران بۆ 60 رۆژ ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەدات بەبێ باج، ئەمریکاش لە بەرامبەردا لە ماوەی 30 رۆژدا گەمارۆ دەریاییەکانی لادەبات.
بڕیارە رۆژی هەینی، هەریەکە لە ڤانس، ویتکۆف و کوشنەر لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نێوەندگیرانی پاکستان و قەتەر دەبێت بۆ تاوتوێکردنی قۆناخی داهاتوو.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ترەمپ گوێی لە هەموو بۆچوونەکان گرتووە، بەڵام خۆی بڕیاردەری کۆتاییە. جەختیشی کردەوە، هێڵە سوورەکانی واشنتن بریتین لە رێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی دابینکردنی وزەی جیهانی. هەر ئاسانکارییەکی دارایی بۆ ئێران بەستراوەتەوە بە هەنگاوی کردەیی و بەرجەستەی تاران.