ڕێکخراوی JOBS KRD زیاتر لە 400 دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت

ڕێکخراوی JOBS KRD، هەڵدەستێ بە کردنەوەی پێشانگای هەلی کار لە شاری هەولێر، بە بەشداری 40 کۆمپانیا کە زیاتر لە 400 دەرفەتی کار پێشکەش بە کارخوازان دەکرێت.
بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، کاتژمێر 10ـی بەیانی لە هۆتێلی ڕۆتانا لە هەولێر، ئیڤێنتی تایبەتی ڕێکخراوی JOBS KRD بەڕێوەبچێت کە تایبەتە بە رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.
لە ئیڤێنتەکەدا، ڕێکخراوی جۆبس کورد زیاتر لە 400 هەلی کار رادەگەیەنێت و جیا لەوەش چەندین کۆمپانیا و دامەزراوە دەرفەتەکانی کار نمایش دەکەن.
بڕیار وایە 40 کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە ئیڤێنتەکەدا بەشدار ببن و دەرفەتەکانیان نمایش بکەن، ئەو کەسانەی لە ئیڤێنتەکەدا بەشدار دەبن دەتوانن سیڤییەکانیان پێشکەش بکەن بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتەکانی کار
جیا لە نمایشکردنی دەرفەتەکانی کارکردن، لە ئیڤێنتەکەدا چەندین بەرپرس و کەسایەتی حکوومی و نوێنەرانی کەرتی تایبەت بەشدار دەبن و لە پانێڵەکاندا بۆچوونی خۆیان لەبارەی کەرتی کار لە هەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو.
ڕێباز جوامێر، بەڕێوەبەری گەشەپێدان لە ڕێکخراوی JOBS KRD، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەموو کەسێک کە بە دوای دەرفەتی کاردا دەگەڕێت دەتوانێت بەشداری لە ئیڤێنتەکەدا بکات و سیڤی خۆی پێشکەش بکات.
بەڕێوەبەری گەشەپێدان لە ڕێکخراوی JOBS KRD، دەڵێت: ئێمە لە ڕێکخراوەکە فۆڕمێکمان بڵاوکردووەتەوە کە گەنجان دەتوانن پڕی بکەنەوە و خۆیان ناونووس بکەن بۆ بەشداریکردن لە ئیڤێتەکەدا.
بۆ بەشداریکردن ئەم لینکە دابگرە
ڕێکخراوی JOBS KRD
دەستپێشخەرییەکی نوێ و جیاوازە بۆ پشتیوانیی و پێشخستنی توانای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرۆژەی جیاواز و کاری جۆری.
ئەم ڕێکخراوە دەبێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم پرۆژەکانی بواری گەنجان و کار و خۆبەخشی و گۆڕانی کەشوهەوا و پەروەردە و تەکنەلۆجیا، لەگەڵ چەندین دەستپێشخەریی نوێ لە بواری پێشخستنی کۆمەڵگە.
ڕۆژی دووشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی ئارین مەسرور بارزانی، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی (دامەزراوەی کوردستان) بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، ئارین بارزانی گوتی: "ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە بۆ ڕاگەیاندنی دامەزراوەیەکی گرنگی تایبەت بە گەنجانی داهێنەر و نیشتیمانپەروەر و بەتوانا و لێهاتووی کوردستان، کە ئەویش بە کۆکردنەوە و دەستپێشخەریی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کاری خۆبەخشی و دۆزینەوەی دەرفەتەکانی کارە."