بە فەرمی یانەی هەولێر گەیشتە قۆناغی داهاتووی جامی عێراق
سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر لە دۆخی یانەكەی نیگەرانە
یانەی هەولێر لە جامی عێراق یەكەمین سەركەوتنی تۆمار كرد و گەیشتە قۆناغی داهاتوو، سەمیر بابۆ راهێنەری یانەكەش نیگەرانە لەو دۆخەی لەڕووی كارگێرییەوە لەبەردەم یانەی هەولێرە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 17 دێسێمبەری 2024، لە قۆناغی 32ـی جامی عێراق، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی یانەی سامەرای كرد.
لە خولەكی 46 كۆڵن ئەندەرسۆن بە ئاسیستی شێركۆ كەریم بەربەستی یەكسانبوونی شكاند و گۆڵی یەكەمی یانەی هەولێری تۆمار كرد، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی كوڕانی قەڵاومنارە كۆتایی هات.
دواتر لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم، بەدیاریكراوی لە خولەكی 55 یوسف بن سۆدە لە رێگەی لێدانی پێناڵتی گۆڵی دووەمی هەولێری زیاد كرد، پاشان لە خولەكی 71 شێركۆ كەریم كاپتن و سەركردەی یانەی هەولێر بە لێدانێكی مووشەكی گۆڵی سێیەمی هەولێری كرد.
پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، سامەرا لە رێگەی عادل سیند جیاوازییەكەی كەم كردەوە، بەڵام نەیانتوانی بەم گۆڵە لە شكست رزگاریان بێت و یارییەكەیان دۆڕاند و ماڵئاواییان لە جامی عێراق كرد و یانەی هەولێریش بۆ قۆناغی داهاتوو سەركەوت.
سەمیر بابۆ لە دۆخی یانەكە نیگەرانە
سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر دوای یارییەكە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند لە دۆخی یانەكەی نیگەرانە، دەشڵێت: نازانم بۆ لەم كاتەدا دەیانەوێت هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری بكرێت، لە كاتێكدا ئێمە دەبێت خۆمان بۆ گۆڕانكاری لە بازاری گواستنەوەی زستانە ئامادە بكەین، نەك خۆمان بە هەڵبژاردن سەرقاڵ بكەین و كاریگەری لەسەر تیپەكەمان دروست بكەین.