هەرێم و بەغدا دووپات لە چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە مووچە دەکەنەوە

کۆبوونەوەی وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ
کۆبوونەوەی وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ

وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە کۆبوونەوەی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دووپات لە چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە مووچە کراوەتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی کردووەتەوە، سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024،  ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق کۆبووەتەوە کەماوەی دوو ڕۆژە بەسەردانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانن.      

وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا  وەزیری دارایی پشتیوانی خۆی و وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانی تیمە تەکنیکیەکەی وەزارەتی دارایی عێراق دووپات کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە تەکنیکیەکانی تایبەت بە مووچەو جێبەجێکردنی داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و گەنجینەکان و سەرجەم یەکە ژمێریاریەکان ڕاسپێردراون لە ماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا سەرجەم کارەکان تەواو بکەن.   

لای خۆیانەوە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق رایانگەیاند: وەک یەک تیم لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی کاردەکەن بۆ ئەوەی لەو ماوەی بۆیان دیاری کراوە کارەکان بەسەرکەوتویی تەواو بکەن.