کوردستان24 لە نێو فڕۆکەخانەی دیمەشق زانیاریی نوێ دەربارەی گەشتەکان بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای 10 ڕۆژ لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، گەشتە ئاسمانییەکانی ناوخۆی سووریا دەستیان پێ کردووە.
یەکێک لە بەرپرسەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق بە ناوی 'سەعد' بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەمرۆ یەکەمین فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق بەرەو حەلەب فڕی، کە ئەمە یەکەم گەشتی ناوخۆیی بوو دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا".
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا فڕۆکەخانەکە ئامادەیە، بەڵام هەندێک ڕێکار تەکنیکی و هونەری ماوە پێویستە بەزووترین کات چارەی بکەین، تاوەکوو خزمەت بە گەلی سووریا بکات، هەروەها ئامانجمانە گەشتەکانی دەرەوەش دەست پێ بکەینەوە".
باسی لەوەش کرد، "ئێمە دەستمان بە کار کردووەتەوە بۆ ئەوەی گەشتیارانێکی زۆر بگوازینەوە بۆ ئەو شوێنانەی مەبەستیانە"، گوتیشی "ئەو فڕۆکەیەی ئەمڕۆ بەرەو حەلەب فڕی هەر هەمان فڕۆکە دەگەڕێتەوە، چەندین فڕۆکەی دیکەشمان ئامادەن بەڵام کەمێک چاکردنەوەیان دەوێت".
دەشڵێت "بەهۆی دۆخی ناوخۆ ماوەی چوارساڵە فڕۆکەخانەی حەلەب لەلایەن بەشار ئەسەدەوە داخرابوو".