سەنتەری شاری هەولێر ڕێک دەخرێتەوە

هەولێر
هەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت: کار بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر دەکرێت.

 چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024،  بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەو وەزارەتە، لە كۆبوونەوەکەدا كە ژمارەیەک لە ڕاوێژكارانی وەزارەتی شارەوانی و  ئەندازیاران ئامادەی بوون، لە ڕێگەی داتا شۆوە چوار سیناریۆی تایبەت بە ئامادەسازیی بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سەنتەری شاری هەولێر خرانەڕوو و شیكرانەوە.

وەزارەتی شارەوانی ئاماژە بەوە دەکات، ئامانج لە دووبارە ڕێكخستنەوە سەنتەری شاری هەولێر بۆ دروستکردنی سەنتەری شارێكی كارا و پڕ جووڵەیە بۆ ژیان و بەركارهێنان و چالاكیی بازرگانی و كولتووری و گەشتیاری و نیشتەجێبوون و ناساندنی لایەنی مێژوویی و ڕۆشنبیری، هەروەها خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار و باشترکردنی ژینگە و پیادەڕۆیی و پایسكل و بینین و كەمكردنەوەی جەنجاڵی ئۆتۆمبێڵ و ژاوەژاو و چەندین بواری دیكەش تێیدا ڕەچاو دەكرێن.

 لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر كاركردن لەسەر یەكێك لە سیناریۆكان كرایەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی وردتر بکرێت بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی پرۆژەکە.