نووسەر و پارێزەرێکی ڕۆژئاوای کوردستان چەندین ئافرەت لە کوشتن ڕزگار دەکات

ئیلهام عەبدولقادر عەبدولڕەحمان
ئیلهام عەبدولقادر عەبدولڕەحمان

نووسەر و پارێزەرێکی ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: توانیومانە چەندین ئافرەت ڕزگار بکەین کە خەریک بوو بەهۆی داب و نەریتەوە بکوژرێن.

چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیلهام عەبدولقادر عەبدولڕەحمان، نووسەر و پارێزەری ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان یاسا و ئافرەت هەیە، ئاماژە بەوەش دەکات ئەو وەک پارێزەرێک بە یاسای زۆرێک لە وڵاتاندا چووە و لێیانی کۆڵیوەتەوە، بەهۆی ئەو ئەزموونە زانستی و کۆمەڵایەتییەی هەیەتی، توانیوویەتی ژمارەیەکی زۆری ئافرەتان لە کوشتن ڕزگار بکات کە هەڕەشە و مەترسی داب و نەریتە کۆنەکانیان لەسەر بووە.

ئیلهام بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە، زۆرێک یاسا پشتی بە داب و نەریت و پیاوسالاری بەستووە کە بوونەتە دەسەڵاتێکی ڕەها بەسەر ئافرەتەوە، بۆیە ئافرەت هەمیشە بووەتە قوربانی.

ئیلهام لە قامیشلۆ لەدایک بووە و بەشی یاسای لە زانکۆی لە دیمەشق تەواو نەکردووە بەهۆی ئەوەی ڕژێمی ئەسەد تاوانی سیاسیی خستووەتە پاڵی، لەبەر ئەوە ساڵی 2004  بە بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی گەیاندووەتە هەرێمی کوردستان و هەولێر، لەسەر خەرجیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە.

ئیلهام کتێبێکی لە ساڵی 2023 بە چاک گەیاندووە، کتێبەکە حەوت چیرۆکە بەناوی کاغەز و کۆت و پەردە(رق وسلاسل وخمار)، چیرۆکی ڕاستەقینەی حەوت لەو ئافرەتە ئێزدیانەن دووچاری کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە، دەڵێت: بە دیکۆمێنت کردنی ئەو چیرۆکانە، هەوڵێکە بۆ بەرچاوخستنی ئەو ڕاستیانەی بەسەر ئافرەتانی ئێزیدیدا هاتووە، هەر لەو ڕێگەیەوە، پەیوەندییەکانی نێوان یاسا و واقیعی کۆمەڵایەتی ئافرەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەخەین، دەشڵێت: من بۆ ئەوە دەنووسم ئەو تاوانانە بە دیکۆمێنت بکەم کە بەسەر ئافرەتانی ئێزدیدا هاتووە، لەنێوان هەزاران چیرۆکی تراژیدی ئێزدییەکان، تەنها حەوت چیرۆکم وەک نموونەیەکی ڕاستیی وەرگرت، دەمەوێ ببمە دەنگی ڕاستەقینەی ئەو ئافرەتە ئێزدیانە.