ڕامی عەبدولڕەحمان: 25 هەزار منداڵ لە سووریا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە کوژراون
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: 25 هەزار منداڵی سووریا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان کوژراون، زۆرینەی منداڵەکانیش بە هێرشەکانی سووریا و تورکیا و ڕووسیا و ئێران و حزبوڵڵا کوژراون.
چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2011 تاکوو 2024، زیاتر لە 25 هەزار منداڵی سووریا کوژراون، ئەو منداڵانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و بۆمب و مووشەک و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کوژراون، هاوکات زۆرێک لە منداڵەکان لە زیندانەکانی سووریا لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون، دەشڵێت: زۆرینەی منداڵانی سووریا بە هێرشەکانی ئەسەد و تورکیا و ڕووسیا و ئێران و حزبولڵا کوژراون.
ڕامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 400 منداڵ لە خانەی بێسەرپەرشتانن، 30 منداڵیان نووسراوی وەزارەتی ناوخۆیان هەیە کە ڕژێمی بەشار ئەسەد دایک و باوکیانی کوشتووە، ئەو منداڵانە هێشتا لە خانەکەی خۆیان لە دیمەشقن، ئەسەد لەبەر ئەوەی دایک و باوکی ئەو منداڵانەی کوشتووە، بۆیە ناسنامەی بە منداڵەکان نەدەدا.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات دوو ملیۆن منداڵی سووری پێویستیان بە هاوکاریی هەیە، ئەوەش ژمارەی ئەو منداڵانەن کە لەنێو سووریادان.
ڕامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: هەر کەسێک دەیەوێت سووریا گەشاوە بێت، پێویستە بەیەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی داهاتووی سووریا باش بێت و ئایندەی منداڵەکانی گەش بێت.