کوردستان24 چیرۆکە ناخهەژێنەکانی زیندانی سیدنایا دەگێڕێتەوە
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لەگەڵ زیندانیکراوێکی کورد لە زیندانیی سیدنایا بە ناوی “شابال ئیبراهیم” دەچنەوە نێو زیندانی سیدنایا و گەنجەکە چیرۆکی زیندانیکردنی لەنێوان ساڵانی 2012 بۆ 2013 دەگێرێتەوە.
ئەو گەنجە کوردە لەژێر زەمینی زیندانی سیدنایا زینانیکراوە و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆردراون، دەڵێت: بۆماوەی 36 کاتژمێر، 7 زیندانیکراو لە سەئاوی زیندانێکی تاکەکەسی زیندانیکراین.
شابال دەڵێت: لەنێو زیندانەکە یاساک هەبوو پێیان دەگوت” ئاهەنگی پێشوازیی” هەر زیندانێکی نوێ بهاتایەتە ژوورەوە دەبوو 100 قامچی لێبدەن.
لەدوای 11 ساڵ شەبال دەڵێت: بەتۆمەتی بەشداریکردن و هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان ماوەی ساڵێک و 5 مانگ لە سیدنایا زیندانی بووە، هێشتا دیمەنە ناخ هەژێنەکانی ئەو زیندانەی لەیاد و یادەوەری ماوەتەوە، شەبال سەرەتا هێندراوەتە نھۆمی ژێرزەمینی زیندانەکە، هەر زیندانییەکی نوێ بهێندرایەتە زیندانەکە “ئاهەنگی پێشوازییان بۆ ساز دەکرد” کە بریتی بووە لە لێدانی سەد قامچی، لەنێو سەرئاوی زیندانێکی تاکە کەسی، کە 7 کەسیان تێیدا زیندانی کردبوو.
شابال ئیبراهیم، زیندانیکراو لەزیندانی سیدنایا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: حەوت کەس لەنێو ئاودەستی بەندیخانەکە زیندانی کرابووین، شوێنمان نەبوو، نان و ئاومان نەبوو، بەلوعەیەکی ئاو لە ئاودەستەکە هەبوو، دڵۆپ دڵۆپ ئاوی لێدەهات، هەر یەکەمان چەند سەعاتێک دەستمان دەخستە بەر دڵۆپە ئاوەکان بۆ ئەوەی بتوانین تۆزێک ئاو بەنێو دەستەکانمان کۆ بکەینەوە و بیخۆینەوە.
لەدوای زیاتر لە 10 ڕۆژ لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەڵام هێشتا خەڵکی لە زیندانی سیدنایا بەدوای چارەنووسی ڕۆڵەکانیان دەگەڕێن، کەسوکاری زیندانە بێسەرشوێنبووەکان بەشێکی زۆری ژێرزەمینی زیندانەکەیان هەڵکۆڵیوە و بەدوای زیندانی نهێنی و گۆڕی بەکۆمەڵدا دەگەڕێن، بە گوتەی کەسوکارەکانیان بێت، زیندانیە بێسەروشوێنبووەکان ئەوانەن کە لەدوای خۆپیشانەکانی ساڵی 2011 لەسوریا دەستگیرکراون و تائێستاش چارەنووسیان نادیارە .
دایکی یەک لە زیندانیکراوە بێ سەروشوێنەکان گوتی: “ دەبێت بەشار ئەسەد بهێننەوە بۆ ئێرە تاکوو ئاهێک بەدڵمان بێتەوە، من کوڕێکی تاقانەم هەبوو، دەستگیریان کرد و ئێستاش چارەنووسی نازانین، بەخودا بەس ئەو کوڕەم هەبوو، تاقانە بوو،زۆرم خۆشدەویست، من تەنها کوڕەکەم دەوێتەوە ، 3 کچ و ئەو تاقە کوڕەم هەبوو کە لەدوای خۆی 3 منداڵی جێهێشتووە.”
کەسوکاری زیندانیکراوێکی دیکەی بێ سەروشوێن گوتی:“ لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە خاڵمیان دەستگیرکرد و ئێستەش چارەنووسی نادیارە، سەدان هەزار کەس دەبوون دەستگیرکران، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، هەموویان لە زیندان بوون، بەڵام هەواڵمان لێیان نەبوو، خاڵم دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بوو، کە دەسەڵاتدارێکی کافر بوو”.
زیندانی سیدنایا بە یەکێک لە مەترسیدارترین زیندانەکانی جیهان دادەنرێت و لەساڵی 1987 دروستکراوە و 30 کیلۆمەتر لەدیمەشقی پایتەختەوە دوورە، زیندانەکە زیاتر لە 20 هەزار زیندانی دەگرێت و بەشێکی زۆری زیندانەکە تایبەت بووە بەو کەسانەی دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد بوونە.