مەزڵوم عەبدی: ئەو چەکدارانەی خەڵکی سووریا نین وڵاتەکە بەجێدەهێڵن
فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، ئەو چەکدارانەی خەڵکی سووریا نین وڵاتەکە بەجێدەهێڵن لە کاتێکدا ئاگربەست لەگەڵ تورکیا بکرێت، هاوکات پێشنیازی ڕادەستکردنی کۆبانێ بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە سەرپەرشتی ئەمەریکا دەکات.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: ئەو چەکدارە کوردانەی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوونەتە سووریا بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەگەر ئاگربەست لەگەڵ تورکیا، لە باکووری سووریا جێبەجێ بکرێت، دەچنە دەرەوەی ئەو وڵاتە و دەڕۆن.
لە 9 ی کانوونی یەکەمەوە کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا نەماوە، شەڕ و پێکدادانەکان زیادیان کردووە، تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سووریا لە 9 ی کانوونی یەکەمدا شاری منبجیان لە دەست هێزەکانی سوریای دیموکرات وەرگرتەوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات یەکەمجارە جەخت لەوە بکاتەوە کە چەکدارانی کورد، لە نێوانیاندا چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) هاتوونەتە سووریا بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی لە شەڕی سووریادا، لەگەڵ ئەوەی تورکیا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە، پەکەکە بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانن.
کشانەوەی چەکدارە کوردەکانی سووریا، یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی تورکیا کە گرووپە چەکدارە کوردەکانی سووریا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە پشتگیریی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ لە دژی ئەو چەکدارە کوردانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات.