فاينانشل تايمز: باربرالیف ڕۆژانی داهاتوو دەچێتە دیمەشق

کۆشکی سپی
کۆشکی سپی

فاينانشل تايمز ئاشکرای کردووە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، دیپلۆماتکارێکی باڵا بۆ گفتو گۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع(ئەبو محەممەد جۆلانی)، ڕۆژانی داهاتوو دەنێرێتە دیمەشق.

پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، فاينانشل تايمز بڵاوی کردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، باربرالیف، گەورە دیپلۆماتکاری ئەمەریکی بۆ گفتو گۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع(ئەبو محەممەد جۆلانی)، ڕۆژانی داهاتوو دەنێرێتە دیمەشق.

دوو بەرپرسی ئەمەریکایی بە ئاکسیوسیان ڕاگەیاندووە، گەورەترین دیپلۆماتکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی دیمەشق دەکات.

ئەمە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەبێت بۆ سووریا لە ماوەی چەندین ساڵدا. ئەم سەردانە بەشێکە لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەر لە سووریادا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد.