ڕاوێژکاری ئەڵمانیا: بە هەموو هێزی یاسا وەڵامی ڕووداوەکەی ماگدێبورگ دەدەینەوە
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند "بـە هەموو هێزی یاسا وەڵامی ڕووداوە ترسناک و دڕندەکەی شاری ماگدێبورگ دەدەینەوە." ڕۆژنامەیەکیش دەڵێت: شۆفێرەکە ماددەی هۆشبەری بە کار هێناوە.
دوانیوەڕۆی شەممە، 21-12-2024، ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی شاری "ماگدێبورگ"ـی کرد و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە پێنج کەس و زیاتر لە 80 کەسی دیکەش بریندار بوونە."
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕووداوەکەی بە "تاوانێکی ترسناک و دڕندانە" ناو برد و دووپاتی کردەوە، لێکۆڵینەوەکانیان لەوبارەوە بەردەاومن و "بـە هەموو هێزی یاسا" وەڵامی دەدەنەوە.
لــە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕاوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد "ڕووداوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە یادەوەرییەکانماندا دەمێنێتەوە و لەبیری ناکەین."
شەوی ڕابردوو، 20-12-2024، لە شاری ماگدێبورگی ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک بەخێرایی خۆی کرد بە ناو بازاڕێکی تایبەت بە کریستمسدا و ژمارەیەکی زۆر لە ئامادەبووانی بازاڕەکەی کوشت و بریندار کرد.
چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە، تۆمەتبارەکە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد. ڕۆژنامەی "بێڵد"ـی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە "شۆفێرەکە لە ژێر کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکاندا ئۆتۆمبێلی لێ خوڕیوە."