بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی بەریتانیا ڕاگیران
بە هۆی بایەکی بەهێزەوە بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی بەریتانیا ڕاگیران.
دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "بەهۆی ئەو با بەهێزەی چەند ناوچەیەکی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا گرتووەتەوە، بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانیان ڕاگرتووە."
هــەمان سەرچاوە باسی لەوەش کردووە، ئاگاداری زەردیان بڵاو کردووتەوە بۆ ڕاگرتنی بەشێک لە گەشتەکان و ئاگادارییەکە تاوەکوو کاتژمێر 09:00ـی ئەمشەوی یەکشەممە، 22-12-2024، بەردەوام دەبێت.
دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی بەریتانیا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، خێرایی با نزیکەی 80 میلە لەکاتژمێرێکدا و وێڵز و ئینگلتەرای گرتووەتەوە.
وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو گەشتیارانەی گەشتەکانیان ڕاگیراون قەرەبوو دەکرێنەوە و لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا گەشتیان بۆ ڕێک دەخرێت.