زیقار: مەترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی فراوان هەیە

ململانێکانی نێوان پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا دۆخی زیقاری پەرێشان و بێخزمەتگوزاری کردووە، پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا یەکتر بە گەندەڵی و کەمتەرخەمی تۆمەتبار دەکەن. هاووڵاتیانیش لەجێگەی ناکۆکی سیاسی داوای خزمەتگوزاری دەکەن، بەو پێیەی پارێزگاکەیان چەندان قەیرانی قووڵی تێدایە.

پارێزگای زیقار، یەکێکە لەو پارێزگایانەی هێشتا قەیرانی قوڵی خزمەتگوزاری و ئەمنیی و سیاسی هەیە، ئەم قەیرانانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر دۆخی شارەکە هەبووە.

ماوەی چەند هەفتەیەکە حکوومەتی خۆجێی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا یەکتر بە کەمتەرخەمی تۆماتبار دەکەن، ترسی دەست پێ کردنەوەی خۆپیشاندانی فراوانیش لە ئارادایە.

هاووڵاتییەکی زیقار بە کوردستان24 دەڵێت: "یەکەم شت  لە پارێزگای زیقار پێویستمانە، سەقامگرییی سیاسیە، ئێستا پێکدادان لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن هەیە، لاموایە لێپرسینەوە لە پارێزگار کاریگەری نەرێنی لەسەر شارەکە دەبێت."

ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار زیاتر لە جارێک داوای ئامادەبوونی پارێزگاری کردووە بەمەبەستی لێپرسینەوە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسا، لەبەرامبەردا بەشێکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار پێیان وایە لێپرسینەوە لە پارێزگاری ئێستا کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی پارێزگاکە دەبێت و خزمەتگوزارییەکان هێندەی دیکە خراپ دەکات.

سالم عەجمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار دەڵێت: ڕەنگە لێپرسینەوە لە پارێزگار سەربکێشێت بۆ دەستلەکارێشانەوە، لە کاتێکدا ئێمە لە کۆتایی ساڵی دارایداین و پێویستمان بە چەندان پرۆژە هەیە کە ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، لێپرسینەوە کاریگەری دەبێت لەسەر ڕۆڵی پارێزگار".

لای خۆیەوە ئەحمەد خەفاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار گوتی: "ئەو پرسیارانەی لە لایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە کراون، گەیشتوونەتە دەستی پارێزگار، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا وەڵامیان دەدرێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ وەڵامەکان دەکرێت."

دەردی گەندەڵی لە تەواوی عێراق لە ساڵی 2003 وە لە سەرجەم دامەزراوەکانی وڵات بڵاوبووەتەوە، حکوومەتیش کەمتەرخەمە لە چاککردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو.