فیدان و شەرع جەخت لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەنەوە
یەکشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا، دووپاتیان لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و چەک داماڵینی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا کردەوە، سەرباری ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دوای دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
ئەحمەد ئەلشەرع لە سەرەتادا گوتی: نابێت چەک لە دەرەوەی دەوڵەت بێت، لە قۆناغی ئایندە لەبارەی ئابووری و سیاسیدا هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا دەکەین، ژێرخانی وڵاتەکەمان ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر بووەتەوە، بۆیە پاڵپشتییەکانی تورکیا بە گرنگ دەبینین لە پرسەکانی وەک بانکی و کشتوکاڵ و تەواوی بوارەکانی دیکەش بە گرنگ دەزانین بۆ ئەوەی وڵات بونیات بنێینەوە، گوتی: تورکیا هەموو کات بەشێوەیەکی بەردەام لەگەڵ سووریا بووە، هاوکات هاوپەیمانێتی ستراتیژی لەنێوانمان هەیە، هیوادارین پێکەوە ئایندەیەکی گەش بونیات بنێین بە پشتیوانی خودا.
دواتر هاکان فیدان گوتی: ئەمڕۆ لە شام زۆر دڵخۆشم، پرسە ئاڕاستەی تەواوی خەڵکی سووریا دەکەم کە لەماوەی 61 ساڵی ڕابردوودا لەژێر دەستی ڕژێمی بەعس گیانیان لەدەستداوە.
گوتی: نیگەرانییەکانی ئێوە، نیگەرانی ئێمە بووە لەماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا، هیوادارین تەواوی پێکهاتەکان لە ئایندەی سووریا دڵخۆش بن، تورکیا سووریا بەجێ ناهێڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵتان دەبێت، گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ سووریا و بەلاوەنانی تیرۆر دەبێت کاری بۆ بکرێت، خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، گوتیشی: پێویستە ئەو قۆناغە بەشێوەیەکی دروست تێپەڕێندرێت، دادپەوەری هەبێت کە تەواوی پێکهاتەکان بپارێزرێن، نابێت هیچ گرووپێکی مەزهەبی یاخود ئاینی پشت گوێ بخرێن، دەبێت وڵاتێک بونیات بنرێت هەمووان لەخۆ بگرێت.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە وەک تورکیا ئەزموونەکانی خۆیان دەگوازنەوە سووریا و پشتیوانی ئەو وڵاتە دەکەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: نابێت لەمەڕ یەکپارچەیی خاکی سووریا دوو دڵی هەبێت، پەکەکە و یەپەگە بەهیچ شێوەیەک نابێت لە خاکی سووریا بمێننەوە، ئەو گرووپە تیرۆریستیە لە خاکیی سووریا تەواوی سامانی سروشتی وڵاتەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاردێنێت، پێویستە بەزووترین کات پەکەکە و یەپەگە خۆیان هەڵبوەشێننەوە لە سووریا، پاڵپشتی سووریا دەکەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ناهێڵێن داعش سوود لە دۆخی سووریا وەربگرێت.
لەبارەی پێشڕەوییەکانی ئیسرائیلیش لە خاکی سووریا، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد، دژی داگیرکردنی خاکی سووریان لەلایەن ئیسرائیلەوە، چونکە ئیسرائیل هەوڵی داگیرکرنی سووریا دەدات، گوتی: ئێمە ئەوە ڕەت دەکەینەوە، پێویستە ئیسرائیل ڕێز لە سەروەری خاکی سووریا بگرێت.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیش، ئەحمەد ئەلشەرع(ئەبو محەممەد جۆلانی) گوتی: خەڵکی سووریا لەماوەی 14 ساڵی ڕابردوو ڕووبەڕووی کاولکارییەکانی شەڕ بوونەتەوە، ئێستا نیوەی خەڵکی سووریا پەنابەر بوون، ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە لەناوبراوە، گرنگترین شت ئەوەیە لەگەڵ وڵاتان ڕێکەوتووین لەسەر سەقامگیریی سووریا و چارەنووسی ئەو وڵاتە، دواتر کێشەکانی لەبواری ئابووری چارە دەکەین، هەوڵ دەدەین گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵبگرین.
پاشان هاکان فیدان گوتی: سووریا وێران بووە، خەڵک ئاوارە بووە و پێویستە بگەڕێنەوە، پێویستە وڵاتان یارمەتی سووریا بدەن، ژێرخانەکان بووژانەوە بەخۆیانەوە ببینن، حکوومەتی نوێی سووریا ئیرادە و دیدگایەکی بەهێزی هەیە و پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە گرنگییەوە سەیر بکرێت.