ریاڵ مەدرید زەنگی مەترسی بۆ یانەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ لێدا

ریاڵ مەدرید بە ئەنجامێکی گەورە لە سێڤییای بردەوە

یاریزانانی ریاڵ مەدرید دوای گۆڵی چوارەم بەرامبەر سێڤییا
یاریزانانی ریاڵ مەدرید دوای گۆڵی چوارەم بەرامبەر سێڤییا

یانەی ریاڵ مەدرید توانی بە ئەنجامێکی گەورە لە سێڤییا بەرێتەوە و بە ئاستە نایابەکەی زەنگی مەترسی بۆ یانەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ لێدا.

لە گەڕی 18ی لالیگای ئیسپانی یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی سێڤییا بووە و دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا.

گۆڵەکانی ریاڵ مەدرید لە رێگەی ئێمباپێ، ڤاڵڤێردی، رۆدریگۆ و براهیم دیاز لە خولەکەکانی (10،20،34،53) تۆمارکران و دوو گۆڵەکەی سێڤییاش لە رێگەی یاریزانان رۆمێرۆ و لۆکیباکیۆ لە خولەکەکانی (35 و 85) نووسرایەوە.

دوای یارییەکە ئانچێلۆتی رایگەیاند: یارییەکی نایابمان ئەنجامدا، ئاسان نییە ئەم ئەنجامە لە 2025 دووبارە بکەینەوە بەڵام هەوڵدەدەین لەسەر هەمان شێواز بەردەوام بین.

لەبارەی ئێمباپێوە ئانچێلۆتی گوتی: دوێنێ گوتم کێشەی خۆنەگونجاندنی ئێمباپێ لەگەڵ ریاڵ مەدرید کۆتاییهاتووە، ئەمڕۆ قسەکەم راست دەرچوو، بەهۆی ئەو کوالێتییە بەرزەی هەیەتی توانی بەسەر کێشەکانیدا زاڵ بێت و ئەو دۆخە سەختە تێپەڕێنێت.

ڤاڵڤێردی لەبارەی گۆڵەکەی بەرامبەر سێڤییا دەڵێت: دوێنێ راهێنانم لەسەر ئەو شێوازە بوو، هەرچەندە کارلۆ بە دڵی نەبوو بەڵام یاریدەدەرەکەی پشتگیری کردم و پێی گوتم دەبێت بەو لێدانە بەهێزانە گۆڵ بکەیت، منیش ئەنجاممدا.

رۆدریگۆی خاوەنی گۆڵی سێیەمی ریاڵ مەدرید ئاماژەی بەوەکرد: پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئێمباپێ هەیە و بە تێپەڕبوونی کات ئاستی یاریزانە فەڕەنسییەکە بەرزتر دەبێتەوە.

دوای کۆتاییهاتی گەڕی 18ی لالیگا، ریاڵ مەدرید خاڵەکانی بوو بە 40 خاڵ و لە ریزبەندی دووەم دەبیندرێت، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش بە تۆمارکردنی 41 خاڵی پێشەنگی لالیگای گرتووە، بەڵام بارسێلۆنا دوای دۆڕانەکەی دابەزی بۆ سێیەمی خولەکە.