فڕۆکەخانەی دیمەشق تا ساڵی 2025 گەشتەکانی ڕاگرت

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی تاوەکوو 1ی کانوونی دووەمی 2025 ڕادەگرێت، جگە لەو گەشتانەی مۆڵەتی تایبەتیان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی وەرگرتووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: جگە لە گەشتە تایبەتەکان، سەرجەم گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق فڕین و نیشتنەوە ڕادەگیرێن.

سەرەتاکانی ئەم مانگە، بەهۆی دۆخی ناوخۆیی سووریا و ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە، هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و حەلەب تاوەکوو 17 و 18ی ئەم مانگە تەواوی چالاکییەکانیان ڕاگرت بوو، بەڵام لە 18ی ئەم مانگە یەکەم گەشتی تاقیکردنەوە لە دیمەشقەوە بۆ حەلەب ئەنجامدرا.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی سووریا لەم ماوەیەدا تەنیا دەرفەتی نیشتنەوە و فڕین بەو فڕۆکانە دەدات کە بە گەشتی تایبەت و شاندی بیانی ڕوو لە فڕۆکەخانەی دیمەشق دەکەن.