گۆڕێکی بە کۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو لە سەماوە دۆزرایەوە

گۆڕێکی بە کۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو لە سەماوە دۆزراوەتەوە
گۆڕێکی بە کۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو لە سەماوە دۆزراوەتەوە

لە ناوچەی "تل شەیخە" لە بیابانەکانی سەماوە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە ڕووفاتەکانی ناوی کوردن و یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و 23 گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ی له‌ بیابانه‌كانی سەماوە دۆزراونه‌ته‌وه‌.

موهه‌نه‌د ئه‌لعیتابی، پارێزگاری موسه‌ننا له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ‌ وه‌سفی ئه‌و دڕندایه‌تییه‌ و دیمه‌نه‌ تراژیدیاكانی ناو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌دا کرد و گوتی: "دیمه‌نه‌كان زۆر تراژیدین. كه‌لـلـه‌سه‌ری منداڵێك به‌ پێوانه‌ی ده‌ستی من ددانێكی وه‌ك مرواری بچووكتر بە پووکەوە. كچێكی منداڵ ئاوێنه‌یه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ سه‌یری جوانییه‌ئاوێته‌ بە جوانییەکەی كوردستانی کردووە. به‌ساڵاچوویه‌ك بە هەندێک دەرمانەوە كه‌ پێ ده‌چێت نه‌خۆشی درێژخایه‌نی هەبوو بێت، منداڵێكی بچووك قه‌ڵمتراشێكی به‌ده‌ستییه‌وه‌یه‌، ئافره‌تێك به‌ جزدانێك و بڕێک ده‌رهه‌مه‌وه‌، نیشانده‌ری ئه‌وپه‌ڕی دڕندایه‌تی به‌عسییه‌كانه‌ له ‌قووڵایی بیابانه‌كاندا."

گۆڕە بەکۆمەڵەکە، ئێسکوپروسکی 150 ئافره‌ت و منداڵی کوردی تێدایە و به‌ر له‌ شاردنەوەیان گوللـەباران کراون. تیمێكی هاوبه‌شی ته‌كنیكی، كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌یان ده‌كات، داواش له‌ حكوومه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌ن، له‌ڕووی ماددی و لۆجستییه‌وه‌ هاوكارییان بكات.

د. عەلا جه‌میل شه‌ممه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌هیدانی موسه‌ننا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ڕووفاتی تێدایه‌، له‌ ناویاندا ئافره‌ت و منداڵ و پیر و گه‌نج هه‌ن، ئه‌مه‌ش گه‌واهیده‌رێكی دیكه‌ی دڕندایه‌تیی ڕژێمی بەعسی ڕووخاوه‌. تیمه‌كانمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانه‌ به‌رده‌وام کار دەکەن، به‌ڵام پێویسته‌ حكوومه‌ت له‌ڕووی ماددی و لۆجستییه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان هاوكاریمان بكات."

زرغام كامل عه‌بدولمه‌جید، سه‌رۆكی تیمی ته‌كنیكیی كنه‌ و پشكنینی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ بە کوردستان24ـی گوت: "تیمه‌ تایبه‌ته‌كانمان له‌ دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدان و فه‌رمانگه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و پزیشكی دادی به‌غدا ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ ده‌ستیان به‌ هەڵدانەوەی یه‌كێك له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان كردووه‌، كه‌ له‌ پارێزگای سه‌ماوه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌. ئێستاش ڕوفاته‌كان ده‌ركه‌وتوون و دواتر هه‌ڵده‌گیرێنه‌وه‌ و له‌ به‌غدا سامپڵه‌كانیان بۆ ناسینه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كانیان وه‌رده‌گیرێن، ئه‌وه‌ی تا ئێستە لێی دڵنیا بووینه‌ته‌وه‌، له‌و گۆڕه‌دا ئافره‌ت و منداڵی تێدایه‌ و به‌ نه‌ته‌وه‌ كوردن و له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال، له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه‌ كۆمه‌ڵكوژ كراون."

تا ئێستا، 23 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی تایبه‌ت به‌ كوردان له‌ بیابانه‌كانی پارێزگای موسەننا دۆزراونه‌ته‌وه‌ و 16ـیان هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌، وێڕای گه‌وره‌یی و دڕندەیی ئه‌و تاوانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كورد و داواكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كانیان، به‌ڵام هێشتا حكوومه‌تی به‌غدا كه‌ به‌ میراتگری ڕژێمی پێشوو داده‌نرێت، هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه‌ بۆ ساڕێژكردنی به‌شێكی كه‌م له‌و برینه‌ گه‌وره‌یه‌.