گوتەبێژی ئەنەکەسە: لەگەڵ هەسەدە دەمانەوێت کورد بەیەک دەنگ بچێتە دیمەشق

گوتەبێژی ئەنەکەسە لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دەڵێت: مەبەستمانە کورد بە یەک شاند و یەک دەنگ بڕۆنە دیمەشق.

دووشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەیسەل یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە به‌ كوردستان 24 ـی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەی ئه‌مرۆی نێوان ئەنەکەسە و هەسەدە بەئاماده‌بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئەرێنی بەڕێوەچوو، گوتەبێژی ئەنەسەکە دەڵێت: مەبەستمانە کورد بە یەک شاند و یەک دەنگ بڕۆنە دیمەشق و کار بکەن بۆ ئەوەی کورد لە ئایندەی سووریادا ڕۆڵی هەبێت.

دەشڵێت: لەکۆبوونەوەکەدا باسمان لەوە کرد، لەداهاتوودا هەردوولا گفتوگۆ لەسەر بابەتی پەکەکەو هەستیاریی تورکیا لەبەرامبەر رۆژئاوای کوردستان بکەن و میکانیزمێک بۆ ڕەواندنەوەی هەڕەشەکان دابنێن.