دۆخی کریستییانەکان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق تەواو جیاوازە
لە دوای ساڵی 2014ـەوە عێراق بۆ کریستییانەکان بووەتە مۆتەکە؛ بەڵام دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان تەواو پێچەوانەیە، چونکە ئەوان وەک هەر هاووڵاتییەکەی دیکە مافی خۆیان پێ دراوە و پارێزراون.
عێراقی نوێ، ئەو شوێنە نەبوو کە کریستییانەکان هیوایان بۆ دەخواست، وڵاتێک بێت هاووڵاتیی تێیدا ناوەند بێت و شوێنکەوتەی هەموو ئایینەکان ئازادانە توانای پیادەکردنی مافەکانیان هەبێت.
بە پێچەوانەوەی عێراقەوە، کریستییانەکان هەردەم لە هەرێمی کوردستان هەستیان بە ئارامی و پارێزراوی کردووە، تەنانەت لە هەرێمی کوردستان تێکەڵی پرۆسەی سیاسی بوونە و پۆست و پێگەیان هەیە.
دوای ساڵی 2014ـ، سەرباری هێرشە ناو بە ناوەکان بۆ سەریان لە بەغدا، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیش هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکە دەستی لە کریستییانەکان نەپاراست، کڵێساکانیانی ڕووخاند، خەڵکی دەربەدەر کرد و دەستی بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گرت، تەنانەت لە کوشتن و بەدیلگرتنیشیان دەستی نەپاراست.
بە گوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2014وە نزیکەی 100 هەزار کریستییان لە دەشتی نەینەوا بەرەو هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون، لە هەرێمی کوردستان خەڵک باوەشی بۆ کردنەوە، تەنانەت لەوکاتەدا سەرۆک بارزانی هەڵوێستە بەناوبانگەکەی بۆ هاوسۆزی بۆ کریستییانەکان دەربڕی کاتێک گوتی: "ئەگەر یەک پارچە نانیشمان هەبێت، لەگەڵ کریستییانەکان دەیکەینە دوو بەشەوە."
لە کۆی ئەو 100 هەزار کریستییانەی ئاوارە بوون لە دەشتی نەینەوا، بەهۆی هەژموونی میلیشیاکان و ئاوەداننەکردنەوەی ناوچەکەنیان، نزیکەی 20 هەزاریان گەڕاونەتەوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە مەینەتیی ئەم پێکهاتەیە لە عێراق، تا ئێستاش بەردەوامە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ژمارەی کریستییانەکان لە 20 ساڵی ڕابردوودا لە 800 هەزارەوە بۆ 250 هەزار کەس کەم بووەتەوە و هێشتا گوشار لەسەریان بەردەوامە.
بەپێچەوانەوەی هەموو ئەوانەوە، هەرێمی کوردستان تەواو پێچەوانەوەی عێراق، باوەشی پێکەوەژیانی بۆ کریستییانەکان کردووەتە، تەنانەت لە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کەم جێگە هەیە وەک هەرێمی کوردستان مافی کریستییانەکانی پاراستبێت. هەروەها ئەم پێکهاتەیە ئاوێتەی پرۆسی سیاسی بوون، لەکابیەنی نۆیەمدا چەندین پۆستی گرنگیان هەیە لەوانەش، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی و چەندانی دیکە، هەروەها نزیکەی 50 قوتابخانە بە زمانی سریانی لە هەرێمی کوردستان هەن.