جارێکی دیکە سکاڵای عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک دواخرا و ئەوەی پارتیش یەکلایی دەکرێتەوە

دادگای ئیداریی بەغدا سکاڵای عەرەب و تورکمانەکانی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک دواخست و سکاڵاکەی پارتیش یەکلایی دەکاتەوە.

نزیکەی کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-12-2024، دانیشتنی دادگای ئیداریی بەغدا لەبارەی سکاڵاکانی عەرەب، تورکمانەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان؛ لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە هۆتێلی ڕەشیدی بەغدا، دەستی پێ کرد. 

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، سکاڵای هەر یەک لە عەرەب و تورکمانەکان بۆ شەشەمین جار، بەهۆی تەواونەبوونی بەڵگەکان، بۆ 22-01-2025، دوا خرا.

محەممەد فاتیح بەرزنجی، پارێزەری دۆسیەی سکاڵای پارتی لە دادگای ئیداریی بەغدا، بە بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ سکاڵاکەی پارتی یەکلایی بکرێتەوە."

کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید

شەوی شەممە. 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە بەغدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment