سەرۆک بارزانی بە بۆنەی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی کوردستان دەکات

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح پەیامێکی ئاراستەی كریستیانیانی كوردستان و عێراق و جیهان کردووە و تێیدا، جەختی لەسەر قووڵتركردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتیی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان کردووەتەوە، سەرۆک بارزانی هیوای خواستووە ئەو بۆنەیە دەستپێكێك بێت بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و هەموو جیهاندا.

ئەمە دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانییە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح، درودی خوای لەسەر بێت، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم خوشك و برایانی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای شادی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر قووڵتركردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتیی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم و ئومێدی ئەوەیش دەخوازم خوشك و برا كریستیانەكانمان هەموو جەژن و بۆنە و خۆشییەكانیان لە ئارامی و تەباییدا بەڕێ بكەن. هیوادارم ئەو بۆنەیە دەستپێكێك بێت بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و هەموو جیهاندا.

مسعود بارزانی

24ـی كانوونی یەكەمی 2024