سوودانی: دەست بە فرە پێکهاتەیی عێراقەوە دەگرین

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە جەژنی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح دەڵێت: دەست بە فرە پێکهاتەیی عێراقەوە دەگرین.

سێشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەشداریی ئاهەنگی قەداسەتی کڵێسای مار یوسفی لە بەغدا کرد و لە میانی گوتارێکدا ڕایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک دەست بە فرە پێکهاتەیی عێراقەوە دەگرین و وەکوو سەرچاوەی هێز لێی دەڕوانین. 

محەمەد شیاع سوودانی دەشڵێت، هەنگاومان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کریستیانانە ناوە، کە عێراقیان جێهێشتووە و پێداگریی لەسەر سەقامگیریی دۆخی پێکهاتەی کریستیان لە عێراق دەکەین. 

سوودانی گوتی: لەم بۆنەیدا جەخت لە فرەپێکهاتەیی عێراق  یەکگرتوویی دەکەینەوە، ئێمە دەست بەو فرە پێکهاتەییە دەگرین، چونکە سەرچاوەی هێزە بۆ هەموو عێراقییەکان، گوتیشی: ماوەی هەزاران ساڵ پێکهاتەکان لەسەر ئەم خاکە، بە برایەتی ژیان و چەندین شارستانییەتیان بەڕێ کردووە، ئەم خەسڵەتە هۆکاری ئەوەیە، عێراقییەکان کراوەتر بن و زیاتر ئەوەی دیکە قبووڵ بکەن.

محەمەد شیاع سوودانی ئەماژەی بەوە کرد،  عێراق ناوەندێکی مێژوویی ئایینی کریستیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێستە حکومەت هەموو هەنگاوێکی بۆ سەقامگیری دۆخی کریستیانەکان گرتووەتەبەر و ئاسانکاریی تەواویشی بۆ گەڕانەوەی ئەوانە کردووە لە دەرەوەی عێراقن".