عێراق و سعوودیە شەڕی گەیشتن بە قۆناغی دووەمی جامی کەنداو دەکەن

عێراق مەترسی سەرنەکەوتنی بۆ قۆناغی دووەمی جامی کەنداو لەسەرە

هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداو
هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداو

لە یارییەکانی جامی کەنداوی 26 و لەگەڕی دووەم، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و بەحرەین رووبەڕووی یەك بوونەوە و شێرەکانی رافیدەین تووشی دۆڕان بوون.

لە نیوەی یەکەم بەحرەین ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و توانیان لە خولەکی 38 لە رێگەی عەلی مەدەن گۆڵی یەکەم تۆماربکەن، هەر لە سەرەتای نیوەی دووەم و هەمان یاریزان لە خولەکی 47 ئەنجامەکەی بۆ سوور پۆشەکان کردە دوو هێندە و ئەوەندەی دیکە ئەرکی هەڵبژاردەی عێراقی زەحمەتتر کرد.

خیسۆس کاساسی راهێنەری عێراق لە نیوەی دووەم بە ئامانجی راستکردنەوەی ئەنجامەکە چەند گۆڕانکاریەکی لە نیوەی دووەم کرد، بەڵام هیچ یاریزانێك نەبووە فریادڕەس، تا کۆتایی یارییەکە ئەنجامەکە نەگۆڕا و بەحرەین 2-0 یارییەکەی بردەوە.

 

کاساس لە لێدوانێکیدا دوای تەواوبوونی یارییەکە گوتی: ئاستێکی باشمان پێشکەش نەکرد، ئامادەنەبوونی بەشێك لە یاریزانەکان کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەکە هەبوو، هەوڵدەدەین هەڵەکانمان راستبکەینەوە و لە یاریی بەرامبەر سعوودیە سەرکەوتوو بین.

 

ئەیمەن حوسێنی هێرشبەری شێرەکانی رافیدەین باسی یارییەکەی کرد و گوتی: پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی بەحرەین دەکەم و داوای لێبوردنیش لە هاندەرانی هەڵبژاردەکەمان دەکەین، هەوڵدەدەین لە یاریی داهاتوو قەرەبووی بکەینەوە و سێ خاڵی یارییەکە لە بەرامبەر سعوودیە بەدەستبهێنین.

 

لە لایەکی دیکەوە عەلی مەدەن یاریزان و ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەحرەین هۆکارەی سەرکەوتنەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: بە نیازی سێ خاڵی یارییەکەی بەرامبەر عێراق هاتینە ناو یاریگە، تۆمارکردنی دوو گۆڵ و دیاریکردنم بە باشترین یاریزانی یارییەکە بە هەوڵی هەمووان بووە نەك تەنیا من.

 

دوای دۆڕانی عێراق هەڵبژاردەکە دابەزی بۆ ریزبەندی سێیەمی گرووپەکەی و مەترسی سەنەکەوتنی لەسەرە، بەهۆی ئەوەی یاریی داهاتووی قورسە و بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودیەیە.

 

رۆژی شەممە هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعوودیە یاریی یەکلاکەرەوە ئەنجامدەدەن و ریزبەندی دووەمی گرووپەکە دیاریدەکەن.