یەکێتی و پێشڤەروو جەخت لە یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانی سووریا دەکەنەوە
شاندێکی هاوبەشی یەکێتی و پێشڤەروو لەگەڵ ئەنەکەسە کۆبوونەوە و جەخت یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانی سووریا دەکەنەوە.
ئێوارەی چوارشەممە، 25-12-2024، شاندێکی هاوبەشی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (یەکێتی) و پارتی پێشڤەرووی کورد لە سووریا (پێشڤەروو) لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کۆبوونەوە و باروودۆخی نوێی سووریایان، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد تاوتوێ کرد.
پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (یەکێتی) لەبارەی کۆبوونەوەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، ئامادەبووان بارودۆخی کوردیان لە سووریا تاوتوێ کردووە و هەمووان لەسەر پێویستیی بەردەوامی کۆبوونەوەکان بۆ دروستکردنی گوتارێکی سیاسیی نەتەوەیی کوردی یەکگرتوو، هاوڕا بوون.
کۆبوونەوەکە، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەرێنی بوو، چونکه ئامادەبووان هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامی کۆبوونەوە و وتووێژی نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان لــەم قۆناغە هەستیارەدا."
هــــەمان سەرچاوە باسی لەوەش کردووە، ئامادەبووان لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێز و پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی سووریا کردووەتەوە.