سبەینێ یەکگرتوو نۆیەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت
بڕیارە سبەینێ ھەینی، 27-12-2024، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان نۆیەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری ھەولێر ببەستێت.
کۆنگرەکە بە بەشداری زیاتر لە 800 ئەندام بەڕێوە دەچێت و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەدوای ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان، یەکگرتووی ئیسلامیی ھەنگاوی بەرەو نۆیەمین کۆنگرەی خۆی نا و بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەژێر ناونیشانی (بەرەو ئایندەیەکی گەشتر) کۆنفرانسی بازنەکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە بەڕێوە چوو.
لەکۆنفرانسەکەدا ئەندامانی ھەڵبژێردراوی سنووری مەڵبەندەکان گفتوگۆ و پێداچوونەوەیان لەسەر ڕەشنووسی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەمینداری گشتی ئەو حزبە تەنیا دەتوانێت دوو خول خۆی بۆ ئەم پۆستە کاندید بکات و بەم پێیەش، ئەگەر پەیڕەوی ناوخۆ ھەموار نەکرێتەوە، ئەوا ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەڵاحەدین بەھائەدین ناتوانێت خۆی بۆ ئەم پۆستە کاندید بکاتەوە.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شوباتی 1994 دەمەزراوە و تا ئێستا ھەشت کۆنگرەی بەستووە و لە خولی شەشەمی پەرلەمانیش حەوت کورسی پەرلەمانیی بەدەست ھێنا و ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاندووە.