سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: لە فڕۆکەخانەی سەنعا بووم ئەوکاتەی ئیسرائیل هێرشی کرد

تیدرۆس ئەدهانوم گیبریسوس، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
تیدرۆس ئەدهانوم گیبریسوس، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی

تیدرۆس ئەدهانوم گیبریسوس، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای دەکات، لەو کاتەی ئیسرائیل بە چری هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعای یەمەن، ئەو لەنێو فڕۆکەخانەکە بووە.

پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، تیدرۆس ئەدهانوم گیبریسوس، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس)، تویتەری پێشوو پەیامێکی بڵاو کردەوە و  ڕایگەیاند: ئەو کاتەی ئیسرائیل هێرشی کردووەتەوە سەر فڕۆکەخانەی سەنعای یەمەن، ئەو لەنێو فڕۆکەخانەکە بووە، دەڵێت: ئەو کاتە ئێمە بۆ ئەوە لە یەمەن بووین، ڕێککەوتن لەبارەی ئازادکردنی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن بکەین، هاوکات بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی و مرۆیی لەو وڵاتە، داوا دەکەین بەزووترین کات گیراوەکان ئازاد بکەن.

تیدرۆس ئەدهانوم گیبریسوس دەڵێت: دوو کاتژمێر بەر لەوەی بچینە نێو فڕۆکە و لە سەنعا بفڕین، فڕۆکەخانەکە دووچاری بۆردوومانی ئاسمانیی بووەوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتی: یەک لە تیمەکانی فڕۆکە بەهۆی هێرشەکەوە برینداربوو، دوو کەسی دیکەش لەنێو فڕۆکەخانەکە بەهۆی بۆردوومانەکە کوژران، تاوەرەکانی چاودێری لەگەڵ هۆڵی گەشتکردن بە تەواوی ڕووخان کە تەنها چەند مەترێک لە ئێمەوە دوور بوو.

تیدرۆس ئەدهانوم گیبریسوس ئاشکرای دەکات، تا ئێستا یەمەنی جێ نەهێشتووە بەهۆی ئەو زیانەی بەر فڕۆکەخانەکە کەوتووە بەهۆی هێرشەکە، دەڵێت: چاوەڕێ دەکەین تا فڕۆکەخانەکە چاک دەکرێتەوە.