فەرهاد شامی دەنگۆیەکان لەبارەی بەنداوی تشرین ڕەت دەکاتەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)

گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت: بەنداوی تشرین لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتە و هەموو ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکاتەوە لەبارەی ئەوەی بەنداوەکە لە کۆنتڕۆڵی ئەواندا نەمابێت.

پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لەسەر بەنداوی تشرین ڕایگەیاند: دەنگۆیەکان لەبارەی ئەوەی بەنداوی تشرین کەوتبێتە دەستی چەکدارانی سووریا ڕەت دەکەنەوە، دەشڵێت: بەدووری 10 کیلۆمەتر لە باکووری بەنداوەکە، لە گوندی گەل گەل شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) و چەکدارانی سووریا هەیە، ئاماژە بەوە دەکات، لەماوەی 20 ڕۆژدا 450 چەکداری سووریایان کووشتووە کە هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. 

چەند ڕۆژێکە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات بەردەوامە و دوای ئەوەی شەوی دووشەممە، گوندەکانی قیزعەلی لە دەشتاییەکانی ڕۆژئاوای شارۆچکەی گرێ سپی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بە چڕی بۆمباران کران، فەرماندەیی هێزەکانی هەسەدە سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، توانیویانە بەنداوی تشرین و چەند گوندێکی دەوروبەری کۆنترۆڵ بکەنەوە.

بە گوێرەی ئامارەکان نزیکەی 20 هەزار کەس لە سەنتەری کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری تووشی بێ ئاوی و کارەبا بوونەتەوە، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و سوپای تورکیا.